یەكەم لێدوانی ڕۆژئاوا لەسەر كۆبوونەوەكەی مۆسكۆ



 

لە یەكەم لێدوانیدا لەسەر كۆبونەوەی شەوی چوارشەممەی ڕابردوو لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشق و مۆسكۆ، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند، ئامانجی كۆبوونەوەكە چەسپاندنی ئەردۆغان و پارتەكەیەتی لە دەسەڵاتدا پێش هەڵبژاردنەكانی داهاتووی توركیا.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەردەوامبوونیان لە دەسەڵاتدا بە واتای “بەردەوامی سیاسەتی كوشتن و لەناوبردنی كورد و گەلانی ناوچەكە دێت”.

ڕۆژی چوار شەممە وەزیرانی بەرگری و بەرپرسانی هەواڵگری توركیا و سووریا و ڕووسیا لە مۆسكۆ كۆبوونەوە، كۆبوونەوەیەك ئەنقەرە دەمێكە خوازیاریەتی، ئەویش لە پێناو گوشارهێنان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دوای شكستی پلانی هێرشەكەی بەهۆی گووشارەكانی ئەمریكا و ڕووسیاوە.

مۆسكۆ خوازیارە ئەنقەرە و دیمەشق بگەن بە ڕێككەوتن لە كەیسەكانی سووریا و دواجار گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بۆ سەرانسەری سووریا.

ئەنقەرە خوازیارە لە ڕێگای دیمەشقەوە بە ناوی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و دروستكردنی ناوچەی ئارام كۆتایی یان دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لاواز بكات.

خوڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا ڕایگەیاند، “باسیان لە سەروەری سووریا و شەڕی دژی تیرۆر كردووە”، هاوكات ڕێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەی هاوشێوە.

لەلایەكی دیكەوە، دەزگاكانی ڕاگەیاندنی نیمچە فەرمیی سەر بە حكومەتی سووریا ڕایانگەیاند، ئەگەر دیمەشق سوودی لە كۆبوونەوە ئەمنییەكانی پێش ئەو كۆبوونەوە نەبینیبایە، ئەو كۆبوونەوە ئەنجام نەدەدرا و كۆبوونەوەكان بە ئەرێنی وەسفكراون.

لای خۆشیەوە ڕووسیا لەبارەی كۆبوونەوەكەوە ڕایگەیاند تاووتوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كراوە، بەڵام وردەكاری نەخراوەتەڕوو.

گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا كە ئیدلب و چەند ناوچەی دیكەیان لە ژێر دەستە بەشێكیان سەر بە ڕێكخراوی تیرۆرستی قاعیدەن
لە چوارچێوەی لیستی تیرۆردان و ڕووسیا و دیمەشقیش تەواوی گرووپە چەكدارەكانی توركیا بە تیرۆرست دەزانن، هاوكات توركیا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوا بە “تیرۆرست” دەناسێنێت، بۆیە ڕاگەیەندراوەكەی ڕووسیا ڕوون نییە.

بەدران چیا كورد، هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، بەئاژانسی نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكە “زەرەرێكی گەورە لە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گورزێكی گەورەش لە هەر دەستپێشخەرییەكی سیاسی بۆ چارەسەركردن و سەقامگیری ناوچەكە دەدات”.

ڕاشیگەیاند ئامانجی كۆبوونەوەكەی مۆسكۆ هێشتنەوەی ئەردۆغان و پارتەكەیەتی لە دەسەڵاتدا و چەسپاندنیەتی پێش هەڵبژاردنەكان.

عێراق بووەتە ناوەندی سپیكردنەوەی پارە بۆ ئێران
پێت عێراق بووەتە ناوەندی سپیكردنەوەی پارە بۆ ئێران
تەقەکەرەکەی شەقامی سالم دەستگیرکرا
دوات تەقەکەرەکەی شەقامی سالم دەستگیرکرا
پەیوەنیدر