ساڵی ڕابردوو خراپترین ساڵی هەنگەوانەکان بوو



بەهۆی کەشوهەواوە، هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو کەمترین بەرهەمی هەنگوین هەبووە، تا ئێستا دیار نییە ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین چۆندەبێت، بۆ پێدانی زانیاری و داتای نوێ هەنگەوانانیش خولێکی سێ ڕۆژە بۆ هەنگەوانان کراوەتەوە.

لەلایەن ڕێکخراوی فاوی عێراقی، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، لە سلێمانی خولێکی سێ ڕۆژی بۆ هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی پێدانی زانیاری بە هەنگەوانەکان بۆ چۆنیەتی بەخێوکردنی هەنگ و بەرهەمی زۆر ئەنجامدەدرێت.

لە  خولەکەدا هەنگەوانانی سەرجەم هەرێمی کوردستان بەشدارن، ڕۆژگار عەبدوڵا، بەرپرسی هۆبەی هەنگ لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لە سلێمانی، ڕایگەیاند ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم خولە ئەوەیە تا زۆرترین زانیاری لەلایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕەوە بە هەنگەوانان بدرێت.

لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی، نزیکی سێ هەزار و ٥٠٠ هەنگەوان تۆمارکراون، بەڵام مەرج نییە لەم ڕێژەیە هەموویان هەنگەوانی پڕۆفیشناڵبن، هەندێکیان تەنها دوو بۆ سێ سنوقی بۆ خۆی هەیە، هەنگەوانیش هەیە زیاتر لە هەزار کورە هەنگی هەیە.

ڕۆژگار عەبدوڵا ئاماژەی بەوەکرد، هەنگ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کەشوهەواوە هەیە، ئەگەر کەشوهەوا لەباربێت ئەوا بەرهەمی هەنگوین دوو هێندە و سێ هێندە دەبێت، بەڵام ساڵی ڕابردوو بەهۆی خراپی کەشوهەواوە زۆرینەی هەنگەکان نەخۆشی ڤاروایان تێدابڵاوبووەوە، بۆیە کەمترین بەرهەمی هەنگوین هەبووە، ئەو هەنگوینەی ساڵی ڕابردوو بەرهەم هات یان زۆر کەم بوو، یاخود تەنها بەشی کڕیاری تایبەتەکانی هەنگەوانەکەی کردووە.

ئاشکرای کرد، بەرهەمی هەنگوین لە ئاستی پێویستدا نییە، لە کاتێکدا دەبێت لە ٢٥ کیلۆ بۆ هەر کورەیەک کەمتر نەبێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا لە دوو بۆ چوار کیلۆ زیاتر نییە، تەنها ساڵێک چووەتە حەوت کیلۆ هەنگوین بۆ هەر کورەیەک.

بەرپرسی هۆبەی هەنگ ئەوەی خستەڕوو، بڕیارە لە ساڵی داهاتووەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتی زیاتر هەنگەوانان بکرێت.

شەمەندەفەرەکانی “ڕێگەی گەشەپێدان” بە ڕۆژێک دەگەنە ئەوروپا
پێت شەمەندەفەرەکانی “ڕێگەی گەشەپێدان” بە ڕۆژێک دەگەنە ئەوروپا
لایەنە کوردییەکان دژی ڕۆشتنی نەتەوە یەکگرتووەکانن
دوات لایەنە کوردییەکان دژی ڕۆشتنی نەتەوە یەکگرتووەکانن
پەیوەندیدار