کۆمەڵگەی بێستانسور.. یەکەم جڤاتی مرۆیی کە گۆڕانی کەشوهەوا دروستیکرد



(بەشی دووەم)
ماڵیکردنی گیانەوەرە کێوییەکان
خالد سلێمان
بەگوێرەی گێڕانەوە زانستییەکان، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی خۆراک لە نێوان 9000 هەزار تا 4500 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا ڕویداوە. ئەوەش لەرێگەی ماڵیکردنی گیانەوەرو ڕوەکە کێوییەکانەوە لە کۆتایی چاخی بەردینی نوێدا کە بە چاخی شۆرشی کشتوکاڵ ناسراوە. مرۆڤ لەو قۆناغەی مێژوی پەرەسەندندا، لە ڕێگەی کشتوکاڵ و ماڵیکردنی گیانەوەرە کێوییەکانەوە، سەقامگیریی بەردەوامی لە گۆندی جێگیردا بەخۆوە بینیوە. هەر لەو قۆناغەدا، فەخوری دەردەکەوێت و بۆ عەمبارکردن و چێشت لێنان و کاری تر بەکاردەهێنرێت.
گوندی بێستانسور، 33 كم لە باشوری شاری سلێمانی، کە وەک کۆنترین شوێنی جیهان لەسەر لیستی کاتیی ڕێکخراوی یۆنسکۆ دانراوە، بەڵگەی بەرچاو لەسەر گواستنەوەی کۆمەڵگەکان لە ڕاوشکاری و گەڕان بەدوای خۆراکدا بۆ کۆمەڵگەی جێگیرو بەرهەمهێن دەخاتەڕو. لە چوارچێوەی پرۆژەی ئاسەواری ڕۆژئاوای زاگرۆسدا CZAP ، زاناکانی بواری شوێنەوارو میکرۆب و هەروەها مرۆڤناسیی گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامەی کە بەجێماوەکانی بێستانسور، ڕوناکی دەخەنە سەر خەسڵەتی قۆناغە سەرەتاییەکانی گواستنەوە بۆ ژیانی گوندی جێگیر لە چاخی بەردینی نوێ لە باشوری ڕۆژئاوای ئاسیا.
لە بێستانسوردا کە تا ئەمڕۆ وەک گوندێکی دەوڵەمەندی کشتوکاڵیی دەناسرێت، پێش 9000 هەزار ساڵ، چاندنی دانەوێڵەو پاقلەمەنی و ماڵیکردنی گیانەوەری کێوی وەک بزن و مەڕو بەراز بونە بەشێک لە سەرچاوەی ژیانی خەڵک و هۆکاری سەقامگیریی. لەپاڵ ئەوەشدا ڕاوی گیانەوەری شیردەری گەورەو بچوک دەکرا، هەروەها ماسی و حەلەزۆنی ئاوی و باڵندەش بەشێک بون لە سەرچاوەکانی خۆراکی دانیشتوانی ئەم گوندەی کوردستان، ئەمەش ئاماژەیەکی بەهێزە لەسەر بونی سیستمێکی هەمەڕەنگی خۆراک لە بێستانسوری کۆندا.
لە پێناو گەیشتن بە کەرەستەی باشی گێڕانەوە لەسەر بێستانسور، هەردو بواری شوێنەوارو مرۆناسیی هەمو شتێک نادەن بە دەستەوە، بۆیە زاناکان تری میکرۆب-ناسی و کیمیاگەری و جوگرافیشیان بۆ ناسینی کۆمەڵگەی بێستانسور و هاوشێوەکانی لە باشوری ڕۆژئاوای ئاسیادا بەکارهێناوە. ئەویش لەپێناو بنیادنانەوەی مێژوی ژیان و بەکارهێنانی سەرچاوەی ڕوەکییی هەمەجۆرو چالاکیی پەیوەست، هەروەها قۆناغە سەرەتاییەکانی پەیوەندی مرۆڤ بە گیانەوەرانەوە لەرێگەی توێژینەوەی جیاجیاوە لەڕوی پسپۆرییەوە لەسەر ئاژەڵە ماڵییەکان. کەرەستەکانی زانستی شوێنەوارناسی و هەروەها مرۆناسیی، بەتەنها ئەم کارەیان پێ نەدەکرا، بۆیە زانستی میکرۆبناسی و نەخۆشیەکان و تەنانەت جیۆ-کیمیاش بەکارهێنران.
دروستبون و پەرەسەندی نەخۆشییە گوزراوەکان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ، لە نێوان ئەو شتانەدان کە گوندی بێستانسور لەسەر بازدانێکی گەورەی مرۆڤ بەرەو کۆڵۆنیی کشتوکاڵی و پەروەردەکردنی ئاژەڵان لە باشوری ڕۆژئاوای ئاسیا پێشەکەشیان دەکات. هەر لەبەر ئەمەشە کە دروستکردنەوەو گێڕانەوەی مێژوەکە پێویستی بەزانستی میکرۆب-ناسیی و دیاریکردنی نەخۆشییەکانی ئەو چاخە هەیە. نمونەی لاسایکردنەوەی پێکهاتەی دانیشتوانی بێستانسور، کە توێژەرانی پرۆژەی ئاسەواری ڕۆژئاوای زاگرۆس پێی هەستاون، ئاماژە بۆ پەتای ماڵتا (Brucellosis) دەکات کە هۆکارەکانی توشبونی دەگەرێنەوە بۆ سەرەتاکانی ماڵیکردنی بزن. ئەوەش لەدەرەنجامی نزیکبونەوە لە نێوان مرۆڤ و گیانەوەری کێویدا لە ماوەی گواستنەوەدا کە دەگەرێتەوە بۆ چاخی بەردینی نوێ.
ناشتنی مردوەکان لە تەنیشت زیندوەکانەوە
لە میانەی هەمان پرۆژەدا، توێژەرانی بواری شوێنەوارناسیی زیندەییدا لە ناوچەکانی سوریا و سەروی کوردستاندا (ئەنادۆڵ) گەیشتونەتە دەرەنجامی گرنگ لەسەر دابەشبونی دانیشتوان و سیستمی خۆراک و نەخۆشییەکان لەو قۆناغی گواستنەوەدا لە چاخی بەردینی نوێ. نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئاژەڵانەوە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە پێشکەوتنی کۆمەڵەی مرۆییەوەو لەو قۆناغەوە دەست پێدەکات ژیانی ڕاوشکاری و گەڕان بەدوای خۆراکدا دەگۆڕێت بۆ کۆڵۆنیی کشتوکاڵیی جێگیر. لەم قۆناغی گواستنەوەیەدا، تەلارسازیی فراوان و ڕاستەوخۆ کە زیاتر لە ژورێک لە خۆدەگرێت، دەردەکەوێت و پێشکەوتن بەخۆییەوە دەبینێت. هەر لەگەڵ ئەم دەرکەوتنەی تەلارسازیدا، ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕوحیش دەگۆڕێت و پێدەچێت دانیشتوان مردوەکانیان لە ماڵەکاندا ناشتبێت. بەگوێرەی گێڕانەوەی شوێنەوارناسەکان، یەکێک لەو خانوانەی لە بێستانسور بنیادیان ناوە ڕاستەوخۆ بۆ ناشتنی تەرمی مردوەکان تەرخان کراوە. پراکتیک و ناشتنی لاشەی مردوان، ژمارەیەک بەڵگە دەخاتەڕو، دەکرێت لە ڕێگەیانەوە لێکۆڵینەوە لە کاریگەربونی دانیشتوان بە گۆڕانکارییە ژینگەییەکانەوە بکرێت لە چاخی بەردینی نوێدا، هەروەها جۆری ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و مامەڵەی کۆمەڵگەکان لەگەڵ توانای گواستنەوەی نەخۆشییەکان؛ لە ناویاندا ئەو نەخۆشیانەی کە سەرچاوەکانیان ئاژەڵان بون.
گوندی بێستانسور و کەرەستە ماددییەکانی ئەو کولتورەی کە دانیشتوانەکەی لەدوای خۆیانەوە بەجێیان هێشتوە، بەڵگەی تۆڕێکی پێشکەوتوی فراوانە لەسەر پەیوەندییان بەدەرەوەی بازنە لۆکالییەکەی خۆیانەوە. ئەوان شوێنەکەی خۆیان تێپەڕاندوەو گەیشتونە زۆر شوێنی تر لەناوچەکەدا. هونەری تەلارسازی و دروسکردنی فەخوری و دەسکردە دەریاییەکان، ئەم ڕاستییە بەڕونی پیشان دەدات. ئاسەوارەکانی گوندەکە ڕوناکی دەخەنە سەر ئەوەی کە چۆن دانیشتوان توانیویانە بگەنە تۆڕێکی فراوان لە بە دەستهێنانی کەرەستەو تەکنیکی هاوبەش کە لە بەرزاییەکانی زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتەوە بە (هیلالی خەسیب)دا، بەدرێژبونەوە بۆ باکورو باشوری ڕۆژهەلات و ناوەندنی ئەنادۆڵ.
ئەو کۆمەڵە بەجێماوانەی لە دانیشتوانی گوندی بێستانسور-ەوە ماونەتەوە، بەگوێرەی زانایانی مرۆناسی و میکرۆب-ناسیی، گرنگترین و دەوڵەمەندترین کۆمەڵەی بەجێماوەی چاخی بەردینی نوێن لە باشوری ڕۆژئاوای ئاسیا. ئەم بەجێماوانە دیدگەیەکی بێوێنە لەسەر ئەو ئالنگاریانە دەخەنەڕو کە کۆمەڵگەکەکان لەو چاخەدا ڕوبەڕویان بونەتەوە، لەگەڵ بونی ئاماژەو بەڵگەی زۆر لەسەر بونی بەدخۆراکی لەناو دانیشتواندا، بەتایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تەمەندا. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، ئەم کۆڵۆنییە مرۆییە نزیک سەرچاوەیەکی ئاوی سەرەکییە، لەگەڵ توانای دەست گەیشتن بە خاکی شێدارو ناوچەی ئاودار، هەروەها دەشتی بەپیت و دەوڵەمەند، وەک دەشتی شارەزورو لاپاڵەکان. ئەم خەسڵەتانە کۆمەڵێک سەرچاوەی هەمە-جۆریی Biodiversity پێشکەش دەکەن کە یارمەتی خەڵکیان داوە لە کەمکردنەوەی مەترسییە گرێدراوەکان بە کشتوکاڵی تازەدەرکەوتو، هەروەها پاراستنی سەقامگیری و بەشداریکردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی وهەرێمایەتی پەیوەندییەکان.
شەقامێکی سلێمانی بەربەست دەکرێت
پێت شەقامێکی سلێمانی بەربەست دەکرێت
دوای ١٠ ساڵ خۆشەویستی و ژن و پیاوێک لە تەمەنی ١٠٠ ساڵیدا هاوسەرگیریان کرد
دوات دوای ١٠ ساڵ خۆشەویستی و ژن و پیاوێک لە تەمەنی ١٠٠ ساڵیدا هاوسەرگیریان کرد
پەیوەندیدر