پرۆتۆکۆلی هانیباڵ چی یە، کە ئیسڕائیل تائێستاش کاری پێدەکات



سوپای ئیسڕائیل دەیان ساڵە پەیڕەوی “پرۆتۆکۆلی هانیباڵ” دەکات، کە پوختەی ئەم پرۆتۆکۆلە لەم دەستەواژەیەدا کورت دەبێتەوە بۆ دۆخی سەربازانی سوپاکەی”سەربازێکی کوژراو باشترە لە سەربازێکی دیل”.

 

پرۆتۆکۆلی هانیباڵ، کە بە( ڕێنمایی هانیباڵ) یش ناودەبرێت، ڕێکارێکە سوپای ئیسڕائیل بۆ ڕێگریکردن لە بەدیلگرتنی سەربازەکانی بەکاریدەهێنێت، بەپێی ئەم پرۆتۆکۆلە، سەربازەکان بکوژرێن باشترە تا دیل بن، هەر بۆیە بەندەکانی ئەم پرۆتۆکۆلە ڕێگە بە بۆردومانکردنی پێگەی سەربازە دەستگیرکراوەکان و تەقەی هەرەمەکی دەدات جا لە هەر بارودۆخ و ساتێکدا بێت.

 

پرۆتۆکۆلی هانیباڵ، لەلایەن ٣ ئەفسەری پلە باڵاوە داڕێژراوە و تا پەسەندکردنی لە ساڵی ٢٠٠٦دا وەک پرۆتۆکۆلێکی نهێنی ماوەتەوە.

 

ئەم پرۆتۆکۆلە مشتومڕێکی بەرفراوانی لە ئیسڕائیل بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە نەیارانی بە “بژاردەیەکی دڕندانە” وەسفیان دەکرد و دەیان وت؛ ژیانی ئەو دیل و زیندانیانە دەخاتە مەترسییەوە کە دەکرێت ڕزگاریان ببێت.

 

ئیسڕائیل لە ساڵی ١٩٨٦ەوە لە چەندین بۆنەدا  پرۆتۆکۆلەکەی جێبەجێکردووە و وێرانکەرترین جێبەجێکردنیش لە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕەفەح بووە، کە تیایدا لە کۆی ١١ ئیسڕائیلی کە بەندەکانی پرۆتۆکۆلەکەیان بۆ جێبەجێکراوە، تەنها سەربازێک ڕزگاری بووە.

دەستەواژەی “پرۆتۆکۆلی هانیباڵ” لە ئۆپەراسیۆنی “تۆفانی ئەقسا”دا دەرکەوتەوە، کە بەرخۆدانی فەلەستینییەکان لە بەرەبەیانی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد، لەو ماوەیەدا هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە چەندین شوێن و بنکەی سەربازییان کۆنترۆڵکرد و نزیکەی ٢٥٠ ئیسڕائیلیشیان بەدیل گرت، کە دەیان سەرباز و ئەفسەریان تێدابوو.

 

پرۆتۆکۆلی هانیباڵ چی یە؟

بۆچوونەکان جیاوازن لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەم پرۆتۆکۆلە سەربازییە ناوی “هانیباڵ” بووە یان نا، و لەسەر ئەوەی کێ بە تایبەتی ئەم زاراوەیەی بۆ داناوە.

 

هەندێك هەن پێیان وایە ئەو دەستەواژەیە بۆ ئەو شێوازە بەکاردێت، کە سەرکردەی مێژوویی قرتاج، هانیباڵ بارکا، تیایدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، کاتێک رێگای ژەهرخواردنی هەڵبژارد، نەک بە دیلی بکەوێتە دەستی ڕۆمەکان.

 

هەندێکی تر پێیان وایە ناوەکە – کە تا ساڵی ٢٠٠٦ بە نهێنی سەربازی ماوەتەوە – بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەلایەن کۆمپیوتەرێکی سەر بە سوپای ئیسڕائیل، نزیکەی ٣ دەیە پێش ئێستا ناوەکە هەڵبژێردراوە، کە لەلایەن ٣ ئەفسەری باڵای سوپاوە پەرەی پێدراوە.

 

سەرەڕای ئەو ڕەخنە ناوخۆییانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، سوپای ئیسڕائیل بە تاکە وڵات دادەنرێت لە جیهاندا، کە ئەم ڕێکارە بەکاردەهێنێت.

 

پەرەسەندن و داڕشتنەوەی ئەم پرۆتۆکۆلە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایهێنان بە ڕێککەوتنێکی دیل بە دیل بە ناوی “جەلیل” لە نێوان ئیسڕائیل و بزووتنەوەی بەرەی جەماوەری بۆ ڕزگارکردنی فەلەستین بە سەرۆکایەتی ئەحمەد جبریل ئەمینداری گشتی لە ساڵی ١٩٨٥، کە لەو ماوەیەدا ٣ سەربازی ئیسڕائیلی بە ١١٥٠ سەربازی فەلەستینی ئاڵوگۆڕیان پێکرا.

دوای ئەوە، “ پرۆتۆکۆلی هانیبال” لە ساڵی ١٩٨٦ بە فەرمی هاتە ئاراوە، پاش ٥ مانگ، دوو سەربازی ئیسڕائیلی بەناوەکانی (یوسف فینک و ڕافایل ئەلشێخ)، لە لایەن حزبوڵای لوبنان بەدیل گیران، ئاڵوگۆڕی دیلەکان دواتر بە “ناهاوسەنگ” وەسف کران، بەم شێوەیە سەربازەکانی سوپای ئیسڕائیل ڕێنماییکران کە دەبێت بە هەر نرخێک بێت ڕێگری لە ڕفاندن و بەدیلگرتنی هاوکارەکانیان بکەن.

 

بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ بەرپرسانی سەربازی ئیسڕائیلی، ڕێگریان لە ڕۆژنامەنووسان کرد، کە ڕاپۆرت لەسەر ئەم پرۆتۆکۆلە بکەن و زانیارییان چنگ بکەوێت، یان تەنانەت باس لە بابەتەکە بکەن، بۆیە دەقی تەواوی ڕێنماییەکەش بڵاونەکرایەوە تا بە نهێنی بمێنیتەوە.

 

لە ساڵی ٢٠٠٣ پزیشکێکی ئیسڕائیلی کە لە کاتی خزمەتکردنی وەک سەربازی یەدەگ لە لوبنان گوێی لە ڕێنماییەکە بوو، دەستی کرد هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێنماییە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ڕێنماییەکانی ئەو پرۆتۆکۆلە، لە نهێنی دەربچێت.

 

سەرچاوەکان دەڵێن؛ پێدەچێت دوو وەشانی جیاواز لە ڕێنمایی هانیباڵدا هەبێت، یەکێکیان وەشانی نهێنی یە، کە تەنها لە ئاستە بەرزەکانی سوپای ئیسڕائیلدا بەردەستە و ئەوی دیکەیان ڕێنمایی زارەکییە بۆ فەرماندەکان و ئاستەکانی خوارەوە.

 

کوژران، نەک بەدیلگرتن

لە ڕوانگەی پرۆتۆکۆلەکەوە، چەمکی “سەربازێکی کوژراو باشترە لە سەربازێکی دیل” ناوەکی  پرۆتۆکۆلی هانیباڵ بوو، کە ئامانج لێی ئەوە بوو سەربازەکان نەکەونە دەستی دوژمن، تەنانەت ئەگەر پێویست بوو بکوژرێن.

 

بەرپرسانی سەربازی وایدەبینن، ڕفاندنی سەربازەکان یان بە دیلگرتنیان، بابەتێکی ستراتیژییە نەک تاکتیکی و باجێکی زۆری دەوێت، کە ئیسڕائیل دەبێت بیدات تا ئازادیان بکات.

 

پرۆتۆکۆلەکە، رێگەدەدات بە تەقەکردنی بێ جیاوازیی، ئەگەر سەربازێک بگیرێت، ئەوا دەستگیرکار و گیراو یەک ئامانجن و هەردووکیان پێکەوە دەبێت بکوژرێن.

 

پرۆتۆکۆلەکە، بەرپرسیارێتی تەواوەتی خێراکردنی ئەم کارە دەخاتە ئەستۆی فەرماندەی ناوخۆیی سوپا و یەکە سەربازییەکان، چونکە لەم جۆرە حاڵەتانەدا خولەکی یەکەم یەکلاکەرەوەیە.

 

لە ساڵی ٢٠١١دا فەرماندەیەک، بە یەکەکەی دەڵێت، “هیچ سەربازێک لە فەوجی ٥١ نابێت بە دیل بگیرێت، بە هەر نرخێک بووە یان لە ژێر هەر بارودۆخێکدا بووە، دەبێت نارنجۆکەکەی بە ئەو کەسانەدا بتەقێنێتەوە کە هەوڵی دەستگیرکردنی دەدەن.

 

هەرچەندە وردەکارییەکانی پرۆتۆکۆلی “هانیباڵ” ساڵانێک بە نهێنی مایەوە، بەڵام ناکۆکییەکی توندی بەدوای خۆیدا هێنا، تا دوای بەدیلگرتنی گەلعاد شالیت لە ساڵی ٢٠٠٦، هەموارکرایەوە و زمانی ئەو بەڵگەنامە توند و پڕ مشتومڕاوییە نەرمکرایەوە بۆ ئەوەی ڕوون بکرێتەوە بۆ ئەوەی داوای کوشتنی بە ئەنقەستی سەربازە دیلەکان نەکرێت، کە دواجار و لە ساڵی ٢٠١١ لەم ئاڵوگۆرەدا شالیت بە ١٠٢٧ دەستگیرکراوی فەلەستینی ئاڵوگۆڕی پێکرا.

بەم شێوەیە سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسڕائیل، بێنی گانتز، بنەمایەکی دامەزراند کە بە (بنەمای دوو کاریگەری) ناسراوە، کە دیاری دەکات، دەرئەنجامێکی خراپ (کوشتنی سەربازێکی دیل) لە ڕووی ئەخلاقییەوە تەنها وەک کاریگەرییەکی لاوەکی بۆ بەرەوپێشبردنی چاکەیەک ڕێگەپێدراوە.

 

لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٦، گادی ئایزنکۆت، سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپای ئیسڕائیل، هەڵوەشاندنەوەی پرۆتۆکۆلی “هانیباڵ”ی ڕاگەیاند، بە پشتبەستن بە ڕاسپاردەی یوسف شاپیرە، داواکاری گشتی دەوڵەت، لە چوارچێوەی بابەتی یاسای نێودەوڵەتی پەیوەست بە ڕەشنووسی ڕاپۆرتی دەستدرێژی سەر غەززە لە هاوینی ٢٠١٤.

 

پاشان ئایزنکۆت، بڕیاری بۆ نووسینەوەی فەرمانێکی نوێ دەرکرد، کە لە بەشی ئۆپەراسیۆنەکاندا کاری لەسەر دەکرا، سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتەکانی دەستگیرکردنی سەربازەکان، بەڵام زۆر شت لەبارەی وردەکارییەکانی ئەو هەموارکردنانە تا ئێستاش نازانرێت.

 

ئاداری ٢٠١٦؛ پرۆتۆکۆلی “هانیباڵ” بۆ ماوەی نیو کاتژمێر کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کاتێک دوو سەرباز لە کاتی هێرشکردنە سەر کەمپی پەنابەرانی قەلەندیە، ناچاربوون ئۆتۆمبێلەکەیان جێبهێڵن پاش ئەوەی زانییان کە سەربازێکیان ون بووە.

 

ئابی ٢٠١٤: بەکارهات کاتێک وا زانرا، ئەفسەر هەدار گۆڵدین لە شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە گیرابێت، بۆردومانە سەربازییە بێ جیاوازییەکانی ئیسڕائیل بووە هۆی کوژرانی ٢٠٠ هاووڵاتی مەدەنی فەلەستینی کە ٧٥ کەسیان منداڵ بوون هەرچەندە دواتر ئاشکرابوو، ئەو ئەفسەرە پێش جێبەجێکردنی پرۆتۆکۆلەکە گیانی لەدەستداوە.

تەمموزی ٢٠١٤: هێزەکانی ئیسڕائیل پرۆتۆکۆلی هانیباڵیان چالاککرد و فەرمانی تەقەی بەرفراوانیان دەرکرد، کاتێک سەربازێک بە ناوی گای لیڤی لەمیانی شەڕی شوجایەدا بێسەروشوێن بوو.

 

ئۆکتۆبەری ٢٠٠٠: “پرۆتۆکۆلەکە چالاک بوو، کاتێک حزبوڵڵا ٣ سەربازی ئیسڕائیلی لە ناوچەی شەبعا گرت، ئەوانیش ئودای ئەبتان، بنیامین ئیبراهیم و عومەر سوەیدبوون، کە بەسەر هێڵی ئاگربەستدا گواسترانەوە بۆ لوبنان، هێلیکۆپتەرێکی هێرشبەر تەقەی لە ٢٦ ئۆتۆمبێل کرد، کە لە ناوچەکەدا دەڕۆیشتن، سوپای ئیسرائیل پێی وابوو سەربازە ڕفێنراوەکانیان لە ناو یەکێک لەوانە.

 

لە کاتی شەڕی غەززە (٢٠٠٨ – ٢٠٠٩): کاتێک سەربازێکی ئیسڕائیلی لە کاتی پشکنینی ماڵێکدا لە کەرتی غەززە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە تەقەی لێکرا، پرۆتۆکۆلەکە چالاککرا.

 

تەمموزی ٢٠٠٦: پرۆتۆکۆلی هانیباڵ چالاک کرا کاتێک چەکدارانی حیزبوڵلا لە نزیک گوندی عیتا ئەلشەعب لە سنوورەکانیی لوبنان – ئیسڕائیل دوو سەربازی ئیسڕائیلیان گرت و سێ سەربازی دیکەیان کوشت، لە کۆتاییدا تەرمی سەربازەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلێکی لوبنانی بەناوی “نەسیم ناسر” گەڕێنرانەوە.

 

سەرچاوە: ئەلجەزیرە – میدیاکان

نێچیرڤان بارزانی: نابێت ئایینی منداڵ بگۆڕێت
پێت نێچیرڤان بارزانی: نابێت ئایینی منداڵ بگۆڕێت
عەلی سیستانی دەرکەوتەوە
دوات عەلی سیستانی دەرکەوتەوە
پەیوەندیدر