ئیسرائیل دان بە کوشتنی خەڵکی مەدەنی فەڵەستین-دا دەنێت



سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە ھێرشەکەی دوێنێ یەکشەممە بۆسەر کەمپێکی ئاوارەکان لە باکووری ڕۆژئاوای شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە، ژمارەیەک کەسی مەدەنی بوونەتە قوربانی.

سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، دوێنێ فرۆکە جەنگییەکان، ھێرشیان کردووەتە سەر كۆبوونەوەیەكی سەرکردە باڵاکانی حەماس لە ڕەفەح، و بانگەشەی ئەوەی کردووە لە ھێرشەکەدا، بەڕێوەبەری نووسینگەی حەماس لە کەناری ڕۆژئاوا، یاسین ڕەبیع و سەرکردەیەکی دیکەی حەماس بە ناوی خالید نەجار، کوژراون.

باسی لەوەش کردووە کە یاسین ڕەبیع و خالید نەجار بەرپرس بوون لە ڕێکخستن و دابینکردنی دارایی بۆ ھێرشەکانی دژبە ئامانجەکانی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا و لە ناوخۆی ئیسرائیل.

ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، بانگەشەی ئەوەی کردووە “ھێرشەکە بە بەکارھێنانی چەکی ورد دژ بە چەکدارانی حەماس ئەنجامدراوە، زانیارییە ھەواڵگرییە بەراییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، چەکدارانی حەماس  ناوچەی (تل سوڵتان) بەکاردەھێنن”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو: “لە ئەنجامی ھێرشەکەدا، ئاگر لە ناوچەکە کەوتووەتەوە کە بەھۆیەوە ژمارەیەک کەسی مەدەنی برینداربوون و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت”.

دوێنێ یەکشەممە سوپای ئیسرائیل، دوو خانوو و کەمپێکی ئاوارەکانی لە باکووری ڕۆژئاوای شاری ڕەفەح -باشووری کەرتی غەززە کە ١٠٠ ھەزار ئاوارەی فەڵەستینی تیایدا نیشتەجێن، بۆردومان کرد و لە ئاکامدا، ٣٥ فەڵەستینی کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی فەڵەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاندبوو، تیمەکانی ٥٠  کەسیان بە کوژراو و برینداری گواستووەتەوە کە لە ئاکامی بۆردومانەکەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپی ئاوارەکان لە باکووری ڕۆژئاوای ڕەفەح کوژراون و برینداربوون.

ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییەیش دوای دوو ڕۆژ لەو بڕیارەی دادگای دادی نێودەوڵەتی دێت کە تیایدا داوا لە ئیسرائیل دەکات، دەست بەجێ ھێرشەکانی بۆسەر ڕەفەح بوەستێنێت.

ئەو کەمپەی کە بۆردومان کراوە، پێشتر لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە وەک پەناگەیەکی ئارام دەست نیشان کرابوو، بۆ ئەوەی ئاوارە فەڵەستینییەکان ڕووی لێ بکەن.

عەلی سیستانی دەرکەوتەوە
پێشت عەلی سیستانی دەرکەوتەوە
سودانى دوا بڕیار لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات
دواتر سودانى دوا بڕیار لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات
پەیوەندیدار