بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەكات ئاوی خواردنەوە بەفیڕۆ نەدەن و تەوافە بۆ تانكییەكانیان دابنێن و دەشڵێت: لە هەر شوێنێك شكاوی و بەفیڕۆدانی ئاو هەبوو ئاگاداریان بكەنەوە.
ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەرەو وەرزی گەرما و پێویستی زیاتری ئاو دەڕۆین، بۆیە هیوادارین بەهەموو لایەك هاوكاری یەكتر بین بۆ ئەوەی كەمترین گرفتی كەمئاوی هەبێت.
ڕاشیگەیاندووە، لە شاری سلێمانی و دەورووبەری زیاتر لە ملیۆنێك هاووڵاتی سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزاری ئاوی خواردنەوەی پڕۆژەكانمان، هەر بۆیە هەر هاووڵاتییەك ڕۆژانە تەنها یەك لیتر كەمتر ئاو بەفیڕۆ بدات، ملیۆنان لیتر ئاو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی گرفتی كەمئاویان هەیە و سوودی لێدەبینن.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەكات، “ئەگەر بەفیڕۆدانێكی ئاو هەبوو تۆش وەك خەمخۆرێك ئەو هاووڵاتیە ئاگاداربكەرەوە لەگرنگی ئاو و بەفیڕۆنەدانی و ئەگەر شكاویەكتان بەدی كرد دەستبەجێ ئێمەی لێ ئاگاداربكەنەوە”.
جەختیشی كردەوە، هاووڵاتیان دڵنیابن ئەو ئاوەی بەفیڕۆی ئەدات و تەوافە بۆ تانكی سەربان دانانێت هاوشارییەكی بێ ئاو كردووە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی یاسای پاراستنی پڕۆژە و تۆڕەكانی پاراستنی ئاو و ئاوەڕۆ، هەر هاووڵاتییەك تەوافە بۆ تانكی سەربانی ماڵ و شوێنی كارەكەی دانەنێت، غەرامە دەكرێت بە بڕی 50 هەزار دینار.