وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، بەشێک لە داهاتی ناوخۆی مانگی شوباتی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ٨٥ ملیار و ١٩٩ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار دینار لەداهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤، بەشێوەی نەختینە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ڕوونیشیکردەوە ئەو پارەیە بریتییە لە ٥٠٪ داهاتی باج و ڕەسمی گومرگی لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوبات بە پێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.
ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ یەکێکە لەو مەرجانەی کە بەپێی یاسای بودجە لەسەر هەرێمی کوردستان پێویست کراوە، بە جێبەجێکردنیشی، هەرێم و حکومەتی عێراق لە چاەسەرکردنی یەکجاری کێشە داراییەکان نزیک دەبنەوە.