ڕیزبەندی زانكۆكان .. بۆ ئەوەی خۆمان نەخەڵەتێنین!



د. سەعید علی محمد

لە جیهانی ئەمڕۆدا زانینی ( ڕیزبەندی ) یە نیشتمانییەكان و ( ڕیزبەندی )یە جیهانییەكان بۆ زانكۆكانی ناوخۆو زانكۆ جیهانییەكان هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە بۆ هەڵسەنگاندن و زانینی ئاستی زانستی ئەو زانكۆیانە لەڕووی توێژینەوەی زانستی و ئەو ئەداو ئاستە ئەكادیمییەی كە لە كاروانی زانستیی و مەعریفیی خۆیاندا پێشكەشیان كردووە!

زۆربەی زۆری زانكۆ ناوخۆییەكان و زانكۆ جیهانییەكان بەردەوام هەموو هەوڵ و توانایەكی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ جوانكردن و ڕازاندنەوەی وێنە و ناوبانگی خۆیان ، چونكە ئەو جوانكردنە دەستكەوتی گرنگ بۆ ئەو زانكۆیانە بەدەست دەهێنێ كە ئاستێكی بەرزیان لەڕیزبەندییەكەدا بۆ خۆیان مسۆگەر كردووە ، بۆ نمونە : پارەداركردن و پشتیوانی كردنی دارایی زیاترو باشتر لەلایەن حكومەتەوە ، ڕاكێشانی زیرەكترین و بەتواناترین قوتابی و مامۆستا ، بەهێزكردنی پێگە و بەناوبانگتر كردنی زیاتری زانكۆو دامەزراوە زانستیەكە كە زۆر جار كەسانی خاوەن بڕیاری سیاسیش بۆ خۆیانی دەقۆزنەوە!

ئەم دەستكەوتانە پاڵنەرێكی سەرەكی دەبێت بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لەو زانكۆیانە خۆیان بخزێننە نێو ئەو مەعرەكەیەوە ، هەندێ جار بێ ڕەچاوكردنی پێوەرەکان و تەنانەت ویژدان و لایەنی پیشەیی و ئەخلاقیش!! وەك نمونەی بازرگانێك كە ڕووی دەرەوەی فرۆشگاكەی بڕازێنێتەوە بۆ ئەوەی چاو و سەرنجەكان بۆ ناوەوە ڕابكێشێ ، بەڵام لەناوەوە ڕاستییەكان جۆرێكی تر خۆیان دەنوێنن كە زۆر جیاوازن لەوەی لە دەرەوە دەبینرێ و دەردەكەوێ!

ڕاستە زانكۆكانی ئێمە لە كوردستان سەرەڕای ناجێگیریی بارودۆخی سیاسی و گرفت و قەیرانی ئابووریی و دارایی قوڵ و چەندین گرفتی تر بەردەوام ئەركێكی مەزن و پیرۆز ئەنجام دەدەن و، جێی دڵخۆشییە كە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان و عێراق ژمارەی زانكۆ و کۆلێژە حكومی و تایبەتەكان لە بەرزبوونەوەی بەردەوام دایە ، بەڵام لەبیرمان نەچێ سەرەڕای ئەم لایەنە جوان و ڕووە پۆزەتیڤە هەندێك دیاردەی نێگەتیڤ و هەوڵی ناپەسەند هەیە كە ئامانجیان تەنها چەندایەتی و زیادكردنی ژمارە و ناوبانگ دەركردن و مكیاج كردنی ڕواڵەتیە ، دوور لە بایەخدان بە ناوەڕۆك و چۆنایەتی و داهێنان و گەشەپێدان و بەرەو پێش بردنی ڕاستەقینەی زانستیی ئەم دەزگا و دامەزراوە گرنگ و هەستیارەی كۆمەڵگە كە زانكۆیە.

ئەمە جگە لە تێبینی كردنی دیاردەی دابەزین و لاوازبوونی ئاستی زانستیی و پسپۆڕیی قوتابی و هەندێ جار مامۆستاش لە سەرجەم قۆناغەكاندا بە قۆناغی خوێندنی باڵاشەوە : ماستەر و دكتۆرا !! كە بەداخەوە ئەمەش دەردێكە ئێستاكە نەك زانكۆكانی ئێمە بەڵكو زۆربەی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و تەنانەت جیهانیش تاڕادەیەك پێیەوە دەناڵێنن ! ئەو هەوڵانەش كە بە ئاڕاستەی بەھێزكردن و بەرەو پێشبردنی توانای زانستیی زانكۆكان دەدرێن تا ئەم ساتەوەختەش لە ئاست پێویستدا نەبوون و سەركەوتوو نەبوون ! چونكە بەشێكی زۆری ئەو بڕوانامانەی ئێستا زانكۆكان دەیبەخشنە خوێندكارە دەرچووەكانیان بێ ئەوەی خاوەنەكانیان بكاتە خاوەن كوتلەیەكی زانستیی مەعریفیی ئەكادیمیی شایستە بە بڕوانامەی وەهمی و هەوایی لە قەڵەم دەدرێن ، هەروەها ئەو بڕوانامانە لە بازاڕی كارو بواری پراكتیكدا هیچ سوود و قازانج و بەرهەمێكیان نیە و، خاوەنەكانیشیان توانای چوونە نێو جیهانی پێشكەوتوویان نیە و، لە ڕیزی دواوەی گەشەی خێرای زانستی تەكنەلۆژیادان و، ئاگاداری گۆڕانكارییەكانی بازاڕو كێبەركێی ئەو مەیدانە زیندووە حەیاتییە هەستیارە نین!

لەلایەكی ترەوە توێژینەوە زانستیە ئەكادیمییەكانمان لە زانكۆكاندا لە قەیرانێكی زانستیی قوڵدان و، زۆربەی ( ماستەرنامە و، تێزی دكتۆرا )كان هیچ جۆرە داهێنان و تازەگەریی و خزمەتێكی زانستیی مەعریفیی نوێیان تێدا نیە و، هەندێکیان پڕبوون لە (زانیاری بێ كەڵك) و (دووبارەكردنەوە) و (داڕشتنی ئینشائی بێ سوود) و (دزی كردن لە نوسین و توێژینەوەكانی تر)!

بۆیە لە واقیع و بارودۆخێكی ئاوادا كە زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكان پێیدا تێپەڕ دەبن ، پێناچێ تیشكخستنە سەر گرنگیدان بە ڕیزبەندییە نیشتمانیی و جیهانییەكان بایەخ وکاریگەریی و بەرهەمێكی ئەوتۆی هەبێ ، هەروەها خستنەڕووی ئەنجامەكانی ئەو ڕیزبەندییەە نیشتمانیی و جیهانیانە بۆ زانكۆكان زیاتر خۆدەرخستن و خۆڵكردنە نێوچاوی قوتابی و نوخبەی ئەكادیمی و هاوڵاتیانە بە گشتی!

بە بڕوای من باشترین و سەركەوتووترین ڕێگا بۆ چاككردن و بەرزكردنەوەی زیاتری ئاستی زانست و ئەدای ئەكادیمیی و مەعریفیی زانكۆكان و قوتابیەكانیان هەڵپەكردن و ڕاكردن نیە بەدوای بەشداری كردن و خۆخزاندنە نێو ڕیزبەندییە نیشتمانیی و جیهانییەكانەوە ، بەڵكو ئەوەی گرنگە ئێمە لەو بوارەدا زیاتر هەوڵەكانمانی بۆ چڕبكەینەەوە ئەم خاڵانەی خوارەوەیە :

یەكەم / سەربەخۆیی دارایی : واتە زانكۆكان خۆیان خۆیان پارەدار بكەن و تەمویلی ماددی بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن لەڕێی ئەو داهات و سەرچاوە داراییانەی كە لە بەردەستیاندایە ، وەك : ڕوسوماتی خوێندن و، خزمەتگوزارییەكانی توێژینەوە و گەشەپێدان و ، خزمەتگوزارییەكانی بەشی ڕاهێنان و ڕاوێژ و، پارە تەرخان بۆ كراوەكان : وەقفەكان ، ئەم سەربەخۆییە داراییە یارمەتی دەرێكی باش دەبێ بۆ ئەوەی زانكۆكان دەستكراوەتر بن لە دەركردنی بڕیارەكانیانداو پراكتیزەكردنیان بەو تێڕوانینە تایبەتانەی كە خۆیان هەیانە ، دوور لە هەموو جۆرە فشارو دەست تێوەردان و فەرزكردنی مەرجی لایەنی دەرەكی.

دووەم /  سەربەخۆیی كارگێڕیی : واتە زانكۆ خۆی پلان و نەخشە و ستراتیژیی كارو پرۆژەکانی خۆی دیاری بكات و ئەركی بەهێز كردن و گەشەپێدانی بوارە جیاجیاكانی خۆی لە ئەستۆ بگرێ بێ هیچ دەستێوەردانێكی دەرەكی ، ئیتر لێرەوە زانكۆكان دەتوانن لەڕێی ئەنجومەنەكانیانەوە كە باڵاترین دەسەڵاتی زانكۆکانن گەشە بەخۆیان بدەن و بەرنامە و بڕیارەكانیان جێبەجێ بكەن ، هەروەها هەر خۆیان پرۆگرامەکانی خوێندن دیاری بکەن و ، مەرجەكانی وەرگرتنی قوتابی و، پێوەرەكانی وەرگرتنی مامۆستا و وانەبێژو كادیرە زانستییەكان دەستنیشان بكەن.

سێهەم /  چاوخشاندنەوە بە زۆرێك لە پرۆگرامەكانی خوێندن ، هەر لە قۆناغی پێش زانكۆوە تا دەگات قۆناغی زانكۆ و خوێندنی ماستەرو دكتۆراش ، بە بەهێزكردن و بەپێزكردنی ناوەڕۆكی زانستیی ئەو پرۆگرامانە و زمانی ووتنەوە و فێركردنیان.

چوارەم /  چاوخشاندنەوەی ورد بە سیستەم و شێوازی فێركردن و پێگەیاندنی قوتابیانی ماستەرو دكتۆرا بە تایبەتی ، چونكە خوێندن و پێگەیاندنی ئێستای ئەو توێژە بەم تەکنیک و ڕیتمەی ئێستا زۆر سەقەت و لاوازو بێسوودە ، قوتابیانی ئەم قۆناغە لە ساڵی یەكەمدا پێویستییان بە وانە و موحازەرە و ڕاهێنانی چڕ و، پرۆگرامی تۆكمەترو بەهێزترو پێشكەوتووی هاوچەرخ هەیە ، هەروەها قوتابیانی ئەم قۆناغە سەرقاڵ بوونیان بە هەر چالاكیەكی ترەوە لێ قەدەغە بكرێ ، ئەگەرنا بەپێچەوانەی ئەمەوە ئێمە سوپایەك لە هەڵگری ماستەرو دكتۆرا ئامادە دەكەین كە خاوەن هیچ كەفائەت و توانا و لێهاتوویی و داهێنانێكی زانستیی نابن ، ئەمەش فاكتەرێكی سەرەكی دەبێ بۆ دواكەوتن و شكست پێهێنانی پڕۆسەی خوێندن لە قۆناغە جیاوازەكاندا ، هەروەها جگە لەوەی ئەمانە دەبنە بارو ئەركێكی قورس بۆ سەر قوتابی و زانكۆ و ناوەندەكانی خوێندن و خەزێنەی گشتییەوە ، هیچ دەستكەوت و ئیزافەیەكی تریشیان بۆ ئێستا و داهاتوو پێ ناكرێ.

پێنجەم /  برەودان بە بەهێزكردن و گەشەپێدانی توانای زانستیی و پسپۆڕیی مامۆستاكان ، ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی ماستەرو دكتۆران ، هەروەها هێنانە پێشەوەی كادیری زانستیی و توێژەری بەتوانا و بە ئەزموون تر، جگە لە دیاریكردنی كۆمەڵێ مەرجی تایبەت بۆ ئەو كەسانەی خوازیاری دامەزراندن و وانە ووتنەوەن لە زانكۆكاندا ، واتە تەنها بڕوانامە پێوەر نەبێ بۆ مامۆستایەتی زانكۆ ، بەڵكو كەفائەت و توانای قوڵی زانستیی و ئەزموونی زیاترو بەدەستهێنانی نازناو و پلەی زانستی باڵا لەو مەرجانە بن كە دەبێ بەردەست بن بۆ هەر كەسێك بیەوێ لە زانكۆ وانە بڵێتەوە و، ئەركی پێگەیاندن و پەروەردەكردنی قوتابی زیرەك و توێژەری لێهاتوو و بەتوانا لە ئەستۆ بگرێ.

شەشەم /  تەرخانكردنی پارەو پشتیوانی دارایی زیاتر بۆ توێژینەوەكان و، دەوڵەمەندكردنی ئەو بەشانە بە كەل و پەل و كەرەستەی پێویستی هاوچەرخی بواری توێژینەوە ، بۆ ئەوەی توێژینەوە تیۆریی و پراكتیكیەكان بەهۆی لاوازی پشتیوانی دارایی و كەمی پێداویستی وە پەكیان نەكەوێت ، یان سست نەبن و دوا نەكەون.

حەوتەم /  لە هەموو زانكۆكانی جیهاندا هەموو مامۆستایەك نوسینگەیەك بەخۆی تایبەت دەكرێ یان لەگەڵ دوو هاوڕێی تریدا بۆ ئەوەی زۆربەی كاتەكان لە زانكۆداو لەو نوسینگەیەدا تەرخان بكات  بۆ ئەركی خوێندنەوە و ئامادەكردنی وانەكان و پێشوازی كردن لە قوتابیان و ئەنجامدانی توێژینەوە و نوسینی بەرهەمە زانستییەكان ، بەڵام بەداخەوە لە زانكۆكانی ئێمەدا زۆربەی مامۆستاكان لەم خزمەتە سەرەتاییە بێبەش كراون و، زانكۆكان تەنها هۆڵێك بۆ كۆمەڵێك مامۆستا پێكەوە تەرخان دەكەن ، كە لە كۆتاییدا هۆڵێك دەبێ بۆ قسە و باس و چیرۆك گێڕانەوە و دەردەشەكردن و كات بەسەربردن ! بۆیە ئیتر ژیانی ڕاستەقینەی زانكۆیی و چالاكی ئەكادیمیی و كۆڕو دانیشتن و توێژینەوەكردن وەك پێویست دەستەبەر نابن.

لە كۆتاییدا دەڵێم : ڕیزبەندییە نیشتمانییەكان و جیهانییەكان بۆ زانكۆكان دوور نین لە دەست كەوت و ڕووی جوان و خاڵی پۆزەتیڤ ، بەڵام ئەوەی لەو ڕیزبەندیانەدا زاڵە و جێی داخە خراپ بەكارهێنان و وەبەرهێنانی نێگەتیڤە لەسەر ئەنجامەكانیان وەك ئەوەی ئێستاكە هەستی پێدەكرێ.

ئێمە لە بری ئەوەی گۆرانی بە شان و باڵی خۆماندا بڵێین و خۆمان و كەسانی تریش بە ئەنجامی ڕواڵەتیی ڕیزبەندییەكان فریوبدەین و دڵخۆش بكەین با بێین ڕاشكاوانە و جەریئانە و دڵسۆزانە گرفتە گەورە و بنەڕەتییەكانی ئەم دامەزراوە و ناوەندە زانستییە گرنگانە دەستنیشان بكەین و ئافەت و دەردە سەرەكییەكان بدۆزینەوە و چارەسەری ڕاستەقینە و بنەڕەتی و هەمیشەیی و كۆتاییان بۆ دەستنیشان بكەین.

نرخی نەوت و زێڕ بەرزبوونەوە
پێت نرخی نەوت و زێڕ بەرزبوونەوە
توکیا ڕزگارکردن و دەستگیرکردنی 70 کۆچبەری ڕاگەیاند
دوات توکیا ڕزگارکردن و دەستگیرکردنی 70 کۆچبەری ڕاگەیاند
پەیوەندیدر