بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕوان دەكرێت لەم هەفتەیەدا مووچەی هێزە ئەمنییەكان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ڕەوانەبكرێت و دەشڵێت: ” پێشتر بەڵێندرابوو دوای وردبینكردن لە لیستەكان مووچەی هێزە ئەمنییەكان بنێردرێت”.
د. فازڵ نەبی، بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق تا ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو لە پەیوەندی بەردەوام بووم و بەڵێندراوە دوای وردبینیكردن لە لیستەكان مووچەی هێزە ئەمنییەكان ڕەوانەبكرێت.
ڕاشیگەیاندووە، ڕۆژی سێ شەممەی رابردوو وەزیری دارایی عێراق سەردانی میسری كرد و ئەوەش وایكرد ناردنی مووچەكانیان دوابكەوێت.
جەختیشی كردۆتەوە، كێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەكان چارەسەربووە و چاوەڕوان دەكرێت لەم هەفتەیەدا حكومەتی عێراق مووچەی هێزە ئەمنییەكان بنێرێت.