“دابەشکردنی زەوی فەرمانبەرانی گرێبەستیش دەگرێتەوە”



پەیوەست بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئاوات عەزیز ڕایگەیاند، “پاش ڕەزامەندی وەزارەت زەوییەکان دابەشدەکرێن، لە هەنگاوی دواتردا فەرمانبەرانی گرێبەستیش دەگرێتەوە”.

ئاوات عەزیز، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامە، تا ئێستا لە وەزارەت سێ کۆبوونەوە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدراوە.

وتیشی، بە مەبەستی دیاریکردنی ژمارەی زەوییەکان، داوا لە شارەوانییەکان کراوە ئەو زەوییانەی کە هەیانە لە سنووری ماستەرپلانی شارەوانی خۆیان دیاریبکەن.

لەبارەی شوێنی زەوییەکانەوە ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا شوینەکان دیاری نەکراوە، بەڵام هەر شارەوانییەک چەند زەوی هەبێت بە نووسراو ئێمەی لێ ئاگادار دەکاتەوە، ئێمەش دەیبەین بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، واتە فەرمانبەران لە سنووری شارەوانییەکانی خۆیان لە زەوییەکان سوودمەند دەبن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەکانە بەشی فەرمانبەرانی سنوورەکە ناکات، هەر بۆیە داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی کراوە، کە ئەو زەوییانەی بە ناوی شارەوانی نییە بخرینە سەرناوی وەزارەت.

سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی لەلایەن فەرمانبەرانەوە ڕایگەیاند، دابەشکردنی زەوییەکان بەپێی خاڵبەندی دەبێت کە مەرجە فەرمانبەر ٨ خاڵ بۆ سەرەوەی هەبێت، بەپێی ساڵی خزمەت، منداڵ، هەروەها ئەگەر خۆی و خێزانەکەی فەرمانبەر بن دەتوانن فۆڕم پڕبکەنەوە، بەڵام کامیان خاڵی زۆرتر بێت ئەوەیان وەریدەگرێت.

ئاوات عەزیز لەبارەی کاتی کۆتاییهاتنی ڕێکارەکان و سوودمەندبوونی فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەوییەکان وتی، بەپێی زانیارییەکانمان، ئێستا هەنگاوەکان گەیشتووەتە دابەشکردنی فۆڕم لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ وەزارەتەکان، کە ئەویش دابەشی دەکات بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکان، دواتر پڕدەکرێتەوە و دەچێتە ئەنجومەنی وەزیران و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی، دوای ڕەزامەندی وەزارەت زەوییەکان نەسەر فەرمانبەران دابەشدەکرێت.

ئاوات عەزیز، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی ئاشکرای کرد، کە دابەشکردنی زەوی سەرجەم فەرمانبەران بێ جیاوازی دەگرێتەوە، بڕیارە لە هەنگاوی دواتردا فەرمانبەرانی گرێبەستیش بگرێتەوە، کە مەرج و ڕێنمایی تایبەتیان بۆ بڵاودەکرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ١٤ی ئایار ڕایگەیاند، هەموو ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەندنەبوون لە وەرگرتنی زەوی و خزمەتییان لە هەشت ساڵ کەمتر نییە، بەگوێرەی رێنماییەکان زەوییان پێ دەدرێت.

بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە 27ی ئازار وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردران بۆ دابەشکردنی زەویی نیشتەجێ بەسەر سەرجەم فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێشتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەویی نیشتەجێبوون.

بانکی ناوەندی زیاتر لە 281 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە
پێشت بانکی ناوەندی زیاتر لە 281 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە
پرۆژەیەکی ستراتیژی کارەبا لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت
دواتر پرۆژەیەکی ستراتیژی کارەبا لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت
پەیوەندیدار