بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆژە ستراتیژییەكانی وەزارەتی كارەبا، پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵەكانی 33 كەی ڤی و وێستگەی 132 كەی ڤی هەڵەبجە بە وێستگەكانی خورماڵ و هەڵەبجە جێبەجێ دەكرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، پرۆژەکە بە بڕی زیاتر چوار ملیار دینار، لەسەر بودجەی لە 8%ی داهاتی كارەبای بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی و بەسەرپەرشتی بەرێوەبەرایەتی گواستنەوە وزەی كارەبای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی وزەی كارەبای هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت.
ڕوونیشیکردەوە کە پرۆژەكە بە گرێبەستی ژمارە (KRG-MOE/HT-34/2022) بە درێژی 23كم و بریتییە لە دوو هێڵی 33 كەی ڤی D/C جۆرى تەلى لارک، ماوەی پڕۆژەكە 210 ڕۆژە بە گوژمەى چوار ملیار و 195 ملیۆن دینار، لە لایەن كۆمپانیای هیرۆوە جێبەجێ دەكرێت، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا ڤۆڵتییە بخرێتە سەر هێڵەكان و سوودی لێ وەربگیرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە گرنگی زۆری هەیە بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی گواستنەوەی وزە و دابەشكردنی كارەبا لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و سەیدسادق و قەزای خورماڵ وشارەزوور، هەروەها پرۆژەكە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر چارەسەركردنی بارزۆری سەر گۆڕەرەكانی وێستگەكانی سنورەكە.
کارەبای سلێمانی ڕاشیگەیاند، بە تەواوبونی ئەم پڕۆژەیە هێڵی 132 كەی ڤی پێنجوین – هەڵەبجە بەگەڕدەخرێتەوە كە هەتا ئێستا لاینێكی ئەم هێڵە وەك هێڵی 33 كەی ڤی سوودی لێوەردەگیرا.