نزیکەی دە ڕۆژ دەبێت مووچە دابەشکراوە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە چارەنووسی مووچەی مانگی نیسانی هێزە ئەمنییەکان بە کوێ دەگات، لەوبارەیەوە سۆران عومەر دەڵێت، “ئەمەی ڕوودەدات پێشبینی کراوە”.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمەی ڕوودەدات پێشبینی کراوە، چونکە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بۆ دەستپێکردنی بە بانکیکردنی مووچە، نیگەرانی لای بەغدا دروستکردووە، چونکە هەرێمی کوردستان کات و دەکوژێت و هەنگاوەکانی لە ئاستی پێویستدا نییە.
لەبارەی ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بانکی TBI وتی، حکومەتی عێراق چەندین جار حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردووەتەوە کە دەست بە بانکیکردنی مووچە و ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی بکات، حکومەتی هەرێمیش بە نووسراو ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ بە بانکیکردنی مووچە لە ڕێگەی بانکی TBI ەوە، حکومەتی عێراق و بانکەکەش چاوەڕێی لیستی وەزارەتەکان دەکەن کە لە ماوەی دوو مانگدا دەست بە بانکیکردنی مووچە بکات.
وتیشی، تا ئێستا حکومەتی هەرێم ٨٠٠ ناوی ڕەوانەی بانکی TBI کردووە، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە نایەوێت لە ڕێگەی ئەو بانکەوە مووچە بە بانکی بکات.
سۆران عومەر، ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر وەزارەتی دارایی بەم شێوەیە لیستی فەرمانبەران ڕەوانەی بانکەکە بکات، حکومەت ٤٠ ساڵی دەوێت بۆ بە بانکیکردنی مووچە، هەموو مانگێک گرفتی مووچە ڕوودەدات.