مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، سەرباری بەهێزیی و ستەمكاریی دوژمنان و بوونی پیلانگێڕیی جۆراوجۆر، گەلی كوردستان خۆی بەدەستەوە نادات.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی شۆڕشی گوڵاندا پەیامێکی بلاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “شۆڕشی گوڵان قۆناغێكی گرنگی مێژووی گەلەكەمان و ئەزموونێكی پڕبەهای خۆڕاگری و هەستانەوەی گەلی كوردستانە. لە بارودۆخی دوای نسكۆ و ئاوارەیی و لەژێر گوشاری جۆراوجۆری نەیاراندا توانرا بە پلانێكی ورد و بڕوایەكی بەرز شۆڕشی گوڵان هەڵبگیرسێت”.
ڕاشیگەیاند، شۆڕشی گوڵان كە هەڵگری بەها و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو پەیامێكی ڕوونی بە هەموو ناحەزان و نەیارانی گەلی كوردستان دا، كە سەرباری بەهێزیی و ستەمكاریی دوژمنان و بوونی پیلانگێڕیی جۆراوجۆر، گەلی كوردستان خۆی بەدەستەوە نادات و ڕۆڵەكانی تێكۆشانی خۆیان بۆ گۆڕەپانی حەقیقیی خەبات كە خاكی پیرۆزی كوردستانە دەگوازنەوە.
مەسعود بارزانی، دەڵێت: “لە چل و هەشتەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین و، ئەو تێكۆشەر و قارەمانانەش هەرگیز لەیاد ناكرێن كە لە خەباتی پێشمەرگایەتی و حزبی و خەباتی نهێنیی ناو شار و لە ئاوارەییدا ڕۆڵیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبووە و قوربانیان داوە و مێژوویان بۆ گەلەكەیان دروست کردووە”.
وتیشی: “ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتوون بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنج و ماندووبوونی گەل و پێشمەرگە و خەباتگێڕانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شۆڕشەكانی گەلی كوردستانە”.