هەرچەندە بریاربوو سبەینێ تەیف سامی وەزیری دارایی بچێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ رۆژی دووشەممە.
ئیخلاس دلێمی، جێگری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاندووە، کۆبوونەوەی سبەینێ لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزیری دارایی بۆ رۆژی دووشەممە دواخراوە.
لەبارەی هۆکاری دواخستنەکەشی ئاماژەی بەوەکردووە،سبەینێ نوێنەری پارێزگاکانی عێراق لەگەڵ محەمەد شیاع سوانی سەرۆکوەزیران و تەیف سامی وەزیری دارایی لەسەر کەمبوونەوەی بودجەی وەبەرهێنانی پارێزگاکانیان کۆدەبنەوە.
لەپرۆژە بودجەی ساڵی2024، پشکی سەرجەم پارێزگاکانی عیراق لەبودجەی وەبەرهێنان کەمکراوەتەوە و ئەمەش نارەزایەتی پارێزگاکانی لێکەوتووەتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو، سبەینێ تەیف سامی، وەزیری دارایی لەگەڵ لیژنەکەیان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی خشتەکانی بودجەی ئەمساڵ.