ژینا لەلایەن دادگای ئێرانەوە بە 21 ساڵ زیندانی حوكمدرا



ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی بەناوبانگی مافی ژنان و خەڵکی سنە، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی (ژن، ژیان، ئازادی) دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٢١ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدانی بە سەردا سەپا.

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە، ژینا مودەڕیس گورجی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی ژنان لەم دواییانەدا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی بە تۆمەتی “پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی دەسەڵات” سزای ١٠ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ گرووپ و وڵاتە دژبەرەکان” سزای ١٠ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” سزای ١ ساڵ بەندکران بە سەریدا سەپێندرا.

دوایین دانیشتنی بەدواداچوونەوە بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە کوردە لە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەڕێوەچووە و سزای دەرکراو ڕۆژی پێنج شەممە ٣ی جۆزەردان بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

بە بەکاربردنی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، لە کۆی ٢١ ساڵ سزای بەندکران سەپێندراو، قورسترین سزا واتا ١٠ ساڵ بەندکران لەگەڵ دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی هەمەدان شیاوی جێبەجێکرانە. پارێزەرانی ژینا مودەڕیس گورجی بە فەرمی ناڕەزایەتی خۆیانیان بەرانبەر بە ئەم سزا قورسە تۆمار کردووە و دۆسییەکە بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ دادگای پێداچوونەوەی پارێزگا نێردراوە.

بەپێی سزای دەرکراوە، نموونەی سزاکانی جێ باسی دژ بە ژینا مودەڕیس گورجی “دامەرزاندنی ئەنجومەنی ژیوانۆ بە ئایدۆلۆژیای فێمینیستی و بە ئامانجی ڕووخاندن”، “بەشداری ئامانجدار لە کۆبوونەوەکان و دەربڕینی درووشمەکانی بنەماشکێنانە”، “پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دژە شۆڕش”، “بەشداری لە کۆنفرانسەکان و خولی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی”، ” بڵاوکردنەوەی دەق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەنجامدانی وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات بە مەبەستی ڕەشکردنی بارودۆخی وڵات و تێکدانی بۆشایی کۆمەڵگا لە قۆناغی هەستیار دوای مردنی مەهسا ئەمینی” ناو براون.

هەروەها دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی ” بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و هاندانی خەڵک بۆ هەڵسوکەوتی توندوتیژانە”، دادگای تاوانی بۆ بەدواداچوون ڕاسپاردووە و دۆسییەکەی بۆ دادگای تاوانەکانی ٢ی سنە ناردووە.

 

گۆڕانكاری لە بەشەخۆراكی هاووڵاتیان دەكرێت
پێت گۆڕانكاری لە بەشەخۆراكی هاووڵاتیان دەكرێت
شارەوانی سلێمانی دەربارەی حەرەمی 28 گوندەكە ڕوونكردنەوە دەدات
دوات شارەوانی سلێمانی دەربارەی حەرەمی 28 گوندەكە ڕوونكردنەوە دەدات
پەیوەندیدار