وەزارەتی پلاندانانی عێراق مەرجی ناردنی پشکی هەرێمی لە بودجەی ساڵی 2024 دیاریکرد کە بڕەکەی (4.875) ترلیۆن دینارە.
وەزارەتی پلاندانان لە بەیاننامەیەكدا ئاماژە بەوەدەکات، زیاتر لە (41) ترلیۆن دینار، بۆ بودجەی پارێزگاکان بۆ ساڵی 2024 دیاریکراوە.
وەزارەتەکە دەشڵێت: جیاوازییەکی ڕوون هەیە لە تەرخانکردن بۆ هەرێمی کوردستان لە بودجەی وەبەرهێنانی سیادی، لەوانەش خولی مۆڵەتدان بۆ هەرێمی کوردستان کە بڕی (2.7) ترلیۆن دینارە، کە خەرج ناکرێ بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەوە.
وەزارەتی پلاندانان هاوکات مەرجی بۆ حکومەتی هەرێم داناوە بۆ خەرجکردنی ئەو برە پارەیە و دەڵێت: “تاوەکو حکومەتی هەرێم پابەند نەبێت بە رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان و هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە، گەڕاندنەوەی ئەو داهاتانە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، خەرجی قەرزەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجی بەکاربردن لە پشکی هەرێم، کە بڕی دوو ترليۆن و ٧٠٠ ملیۆن دینارە، خەرج ناکرێت”.
ئەوەشی ڕوونکردۆتەوە، حکومەتی عێراق پابەندە بە تەرخانکردنی پشکی هەرێم لە هەموو بوارەکانی خەرجیدا لە بودجەی گشتی عێراقدا جگە لە قەرزەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجی بەکاربردن.