خالید سلێمان
لە ناکاوێکدا بەرخ و کارەکان وەک بەرزەک کەوتنە خۆیان و لەچاو تروکانێکدا منیان بەجێهێشت، هەمویان بە قاچ و دەستی جیاوازەوە بوونە یەک جەستە و خستیانمە دوای خۆیانەوە، من وەک داهۆڵێک دەهاتمە پێشچاو، ئەوانیش وەک تەمێک بەر بایەکی خێرا کەوتبێت.
کە ئاوڕم دایەوە دوو گورگ بەرەو ڕووم دەهاتن، بەرخ و کارەکان دور کەوتبوونەوە، ئیتر هیچیان لەبەردەمدا نەمابو لە من زیاتر، هەستم بەوە دەکرد دەمم کردووەتەوەو هاوار دەکەم، بەڵام گوێم لەدەنگی خۆم نەبوو، دیاربوو ترسەکە ئەوەندە زۆر بوو، هەستم بەهیچ نەدەکرد.
ئەوەی لەناو ئەو ترس و شۆکەدا بەلامەوە سەیر بوو، هەردوو گورگەکە گەڕانەوە و پەلاماریان نەدام، ئەوە یەکەم بەرکەوتن بوو لەگەڵ گورگدا، پێشتریش ئەوەیان بە گوێما چرپاندبوو کە گورگم بینی دەبێت هاوار بکەم، چونگە گورگ لە دەنگی مرۆڤ دەترسێت، ئەم چیرۆکە دەگەڕێتەوە بۆ دەمی مناڵی و یادەوەریم پاراستویەتی.
جارێکی تر لە دەمی مێردمناڵیدا، کە ئەو کاتە خرابومە بەردەم بەرپرسیارێتی گەورەتر و کرابوومە شوان، لە (جەوەڵ مازوغ) کە زنجیرەیەک نزمە چیای دەشتاییەکانی گەرمیانە، ڕووبەڕوو لەگەڵ گورگێکی تەنهادا خۆمم بینییەوە، ئەمجارەیان بەهۆشەوە هاوارم کرد و گوێم لەدەنگی خۆم بوو، گورگە تەنهاکە لە چاو ترووکانێکدا بەقەد پاڵێکدا سەرکەوت و لەچاو دابڕا.
چیرۆکی ئێمە لەگەڵ گورگدا بەردەوام بوو، زۆربەی جار نێچیری ئەوان گوێدرێژەکانمان بوون، چونکە غەریزەی مێگەلیانەی ئەوان هەمان غەریزە نییە لای مەڕو بزن کە لەیەک دانابڕێن – بەهەندێک سەرکێشیی بزنەوە، ئیتر گوێدرێژەکان لە ڕان بەجێما دەمان و شوان ئاگای لێیان نەدەما، ئەمە باشترین هەڵی گورگەکان بوو تا ژەمێکی خواردنیان بەدەست بکەوێت، زۆر بەلامانەوە ناخۆش بوو ئاژەڵێک لەدەست بدەین، بەڵام جگە لەوەی کە چارمان نەبوو، هیچ کاتێکیش نەدەکەوتینە ڕاوە گورگ و قسەو باس لەسەر هەر ڕووداێکی پەلاماردانی گورگ لە زەمەنێکی کورتتدا کۆتایی دەهات.
بەکورتی، ئێمە بەرامبەر سروشت و گیانەوەرە کێوییەکان شەڕانگێز نەبووین، جۆرێک لە لێبوردەییمان تیابوو، وەک خودی خۆم، پەروردەی ئەو ژینگەییەم و هەر ئەوەش منی هێنایە ناو دنیای ڕۆژنامەنووسیی ژینگەیی و گۆڕانکاری کەشوهەواوە، لێرەوە دەمەوێ بڵێم کە من پێش هەموو شتێک، پەروەردەی ژینگەییەکی سروشتی و کۆمەڵایەتی تایبەتم لە کوردستاندا، ئەویش ژینگەی گەرمیانە.
کاریگەریی سروشت و هەمە-جۆریی گیانەوەرەکان لە کاریگەری خێزان و دانیشتووانی لادێکەم زیاتر بوون لەسەرم، هۆکارەکەش پێویستی بە زانستی کۆمەڵناسی نییە و ئاسانە، چونکە مناڵی لادێ هەر ئەوەندە لەسەر پێ ڕادەوەستا و دەکەوتە قسەکردن، ئیتر دەخرایە بەردەم بەپرسیارێتییەوە، من خۆم لەوانە بووم، کە ژیانم لەگەڵ خوشک و براکانم و مناڵانی تری لادێکەمدا لە (ساوەلەوانی)یەوە دەستی پێکرد، واتە بەخێوکردن و پاراستنی بەرخ و کاری بچووک، دوای ئەوەش لەپاڵ خوێندندا، قۆناغی شوانیی دەستی پێکرد، یانی دوای فێربوونی پیت و ژماردن و لێکدانەوەی ژمارەکان لەسەر تەختەڕەشی مەکتەب، دەچومە دەشت و دەر لەگەڵ حەرف و ماتماتیکی سروشتدا دەژیام، جگە لە ئامۆژگاری دایک و باوک و ژینگە کۆمەڵایەتییەکە و ئەوەی لە کتێبی پۆلەکانی قۆناغی سەرەتاییەوە فێری دەبوم، سروشت بە خاک و ئاوهەواکەی و هەمە-جۆریی گیانەوەرە کێویەکان فێرگەیەکی ترم بوو.
ئێمەی مناڵان و مێردمناڵان کاتێکی زۆرمان لەگەڵ سروشتدا هەبوو، بەڵام ئەو کاتانەی کە لەگەڵ خێزان و دانیشتوانی تری لادێ کۆی دەکردینەوە، تیایدا شەکەت و خەواڵو بووین، تەنها بیرمان لای ئەوەبوو پارویەک نان بخۆین و سەر بنێینەوە.
ئەگەر چیرۆکی گیانەوەرێکی کێویمان هەبوایە، بەچێژەوە دەمانگێڕایەوەو دەوروبەرەکەشمان گوێیان لێ دەگرتین، ئەگەریش نەبوایە یەکسەر خۆمان دەدایە دەستی خەو. کاتێک باسی گیانەوەرە کێویەکانیش دەهاتە گۆڕێ، ئەوەمان لەبیر نەدەکرد، ئەوانیش گیانلەبەرن و بەچکەیان هەیە، ئەم جۆرە سۆزە، کەمێک غەریزەی شەڕانگێزیی لەناخماندا کەمدەکردەوە.
بەڵێ گیانەوەرەکانیش وەک ئێمە ڕوحیان هەیە، هەست بەئازار دەکەن، خەمی دابینکردنی خواردنیان بۆ بێچووەکانیان هەیە، بگرە ئەوان ڕوحی چیاو دۆڵ و دەشتاییەکانن، نەمانی ئەوان یانی ئێمەی مرۆڤ لەبەردەم سروشتێکی بێ ڕوحدا خۆمان دەبینیەوە، بە کورتییەکی، گیانەوەرە کێوییەکان، لە گورگێکەوە تا باڵندە و خشۆکە و وردیلەکانی ناو خاک ڕوحی سروشتن.
لەناو بردن و کوشتنیان، کردەیەکی خۆکوژییە کە مرۆڤ پێی هەڵدەستێت، بۆیە دەبێت سنوورێک لەبەردەم شەڕانگێزی و بێ ڕەحمیدا دژی گیانەوەرە کێوییەکان دابنرێت، دەبێ ئەوانەی دوو گورگیان بە کوژراوی لە سروشتی خۆیانەوە گواستوەتەوە بۆ شاری کفری، سزای خۆیان وەربگرن، دەبێ ڕاو قەدەغە بکرێت و هەر حوکمڕانی و سیستمێکی سیاسی و یاساکانی لەبەردەم ئەم تاوانە ژینگەییانەدا نەوەستێت یان بێدەنگ بێت، دەبێ وەک شەریکی تومەتبارەکان تەماشا بکرێت.