هێمن عەبدولقادر
هونەرمەندی گەورەی کورد (ئازادی حەمە بچکۆل) لە شانۆگەری (ئەحەی کڕنوو) دا دەڵێت :-
ژیان دەرفەتی ئەوەی پێنەدام ببمە پاڵەوان، ڕۆڵی شۆڕشگێڕ و پاشا لە شانۆگەریەکانمدا ببینم، من هەر ڕۆڵی سێبەندی، شانە فرۆش، لفکە فرۆش و ناتری ناو حەمامەکانم گێڕا، کاتێک بووم (قەرەگوێز)ی حەکیم و خەڵک هۆشیار دەکردەوە لە لایەن قەرەوڵەکانی سوڵتان لە سێدارەدرام، پێش مەرگم هاوارم کرد، “ئەگەر ئەزانن دیمەنەکە جوانە داممەگرن، با هەر بەم بەرزییەوە هەر لێرەدا بمرم”.
هەموو چیرۆکێک کۆتایی خۆیی هەیە، هەموو مرۆڤێک دەبێت بمرێت، نەک لەبەر ئەوەی نەخۆشە یان شایستەیە بە مردن نا، تەنها لەبەر ئەوەی لە دایک بووە .
ئەوەی لە دایک بوو دەبێت بمرێت هەموو لە دایک بوونێک سەرەتای مردنە، هەموو دەستپێکێک سەرەتای کۆتاییە، هەموو بەهێزبونێک سەرەتای لاواز بوونە هەموو جەنگاوەر بوونێک سەرەتای تەسلیم بوونە، هەموو جوانییەک سەرەتای ناشیرینییە، هەموو دەرکەوتنێک سەرەتای ون بوونە.
لە ڕاستیدا ئەوە مەترسی نییە سەربازێک لە جەنگدا بشکێت یان هەڵبێت، مەترسی گەورە ئەوەیە مرۆڤ بۆ هەمیشە لە خەیاڵی جەنگاوەریدا بمێنێتەوە، دەرفەتی ئەوەی نەبێت بە شکۆوە بمرێت، قەڵغان، چەکمە، دەستبەند، زرێ، شمشێر و خەنجەرەکەی ڕۆژێک دابنێت، مێز و کورسی، قەڵەمە سەوز و سور و قافلەی ئوتومبێلەکانی هەمیشە لە خەیاڵی جەنگاوەریدا بیکات بە لۆتی و دەربار، بە تێهەڵدراوی ناو ئۆفیس و دەستپانکەرەوەی بەردەم باڕ و شەقام و چایخانەکان.
هەموو گوندێک دەیان تولە ڕێی هەیە، بەڵام یەک ڕێگای سەرەکی هەیە کە دەتباتە دەرەوەی گوندەکە و دەشتهێنێتەوە، ژیان دەیان تولەڕێ و (هەوراز و نشێو) و (پاشا و گەدا) و (پاڵەوان و بەزیوی) هەیە، بەڵام تەنها یەک ڕێگای هەیە بۆ ئەوەی هەمووان لێوەی بێن و بڕۆن، ئەویش چیرۆکی گەڕانەوەیە بۆ ئەو شوێنەی لیوەی هاتووین.
هیچ (قەدیان) و ڕێگایەک نییە مرۆڤ بۆ هەمیشە ببات، ئەوەی لە خەیاڵی پالەوانبووندا نوقم دەبێت ژیان دەیبەزێنێت، هەر وەکو چۆن (گەلگامێش) و (ئەسکەندەر) و (لیونادیس) و دەیان هەلوەدای نەمریی بەزاند، درەنگ یان زوو، بمانەوێت یان نا، ئەمە ڕوودەدات.
کۆنفیشیۆس دەربارەی (ترس لە نائارامی) بە یەکێک لە خوێندکارەکانی وت (نیگەرانی ئەو دۆخە مەبن، چونکە مردن دێت و ئارامی هەتا هەتایی لەگەڵ خۆیدا دێنێت) ئەوەی نەتوانێت بمرێت، ناتوانێت ئارام بێت.
چەند بێ بەختە ئەو کەسەی ناتوانێت لە شوێنێکدا بمرێت، بێدەنگبێت، دابەزێت، چاوەکانی دابخات، بخەوێت، نوکی قەڵەمەکەی ناشکێت، دەرنەکەوێت، قەدەر هەمیشە بە چاوکراوەیی و زیندویەتی و سواربوون و نووسەری و پاڵەوان و دەرکەوتنەوە دەیهیڵێتەوە و دەبێت هەمیشە لە جەنگدا بێت،
(زام و چۆیی)، (زەخم و قەشفووس) ، (کۆڤان و کوول) (پەژارە و پڵمە) لەسەر جەستە و ڕوخساری بێت.
چەند بەختەوەرە ئەوەی دەگەڕێتەوە ماڵەوە، لەگەڵ (حەسار و حەوش)، (منداڵ و گوێسەبانە) گوڵ و هەنگ، گەنم و با، ئاو و ماسی، ئاژەڵ، ڕووبار و کانیاو دەیگوزەرێنێت و بۆ هەمیشە خەیاڵی جەنگاوەری و پاڵەوانی و دەرکەوتن و بەناوبانگ بوون لە کەلـلـەی دەردەکات.
بۆ گەیشتن بە شوێنێک کە پێشتر نەماندیوە، دەبێت بە ڕێگایەکدا بڕۆین کە پیشتر پێیدا نەڕۆشتوین) بۆ گەیشتن بە ئارامییەک کە پێشتر پێی نەگەیشتووین، دەبێت لە شوێنێکدا بوەستین کە پیشتر تێیدا نەوەستاوین ئەو نەهاتن، دەرد بوو ، وەک مەحوی دەڵێت،
بەڵام داغەکەی نەهاتن (دەردەها) دەیان دەردی تر،
وەردی خارە،
شەهدی زەهری مارە،
عەهدی بێ سەبات
ئەو ڕێگایە، گوڵیشی دڕکە، شەکریشی تاڵە، پەیمانەکانیشی درۆ و دەلەسە و فریودەر و جوڵا و ناجێگیر، پێویستە لە شوێنێکدا بمرین، بگەرێینەوە، بوەستین، تا دیمەنەکە بەو بەرزیەوە بە جوانی بمێنیتەوە.
نوقتە سەری دێڕ …
ناوم (ماکسیمۆس دیۆس مێردیس)ە
تۆ ناوێکی گەورەت هەیە، دەبێت ناوەکەت بکوژین، پێش ئەوەی خۆت بکوژین
کاتێک ماکسیمۆس واز لە سەرکردایەتی سوپا دەهێنێت و دەیەوێت بەو ناوەوە و بەو بەرزیەوە بمرێت و بگەرێتەوە بۆ ماڵەوە، دەرهێنەری فیلمی (گلادیتۆر) ئەگەر چی لە ڕەشنووسی سیناریۆکەدا کوژرانی ژن و مناڵەکەی و سوتاندنی ماڵەکەی تێدا نابێت، لە کاتی داڕشتنەوەی سیناریۆکە بۆجاری دووەم، بڕیار دەدات ژن و منداڵەکەی بکوژرێت و ماڵەکەی بسوتێت، تا ماکسیمۆس هۆکاری زیاتری هەبێت بۆ شەڕ و مانەوە بە جەنگاوەری.
ئەوەی ئارامی و ماڵی نەبێت هەمیشە لە دەرەوە دەمێنێتەوە، دەبێتە جەنگاوەر جەنگاوەرێک کە کۆتاییەکەی پێناسەی سەرەتاکەی دەکات و بە پێچەوانەشەوە تەنها و تەریک و کوژراو.