بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر بکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی قەتەری سەردانی هەولێری پایتەخت دەکەن.
هەڵگورد ساڵەیی، ڕاوێژکاری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: “ئەمشەو شاندێکی قەتەری بە سەرۆکایەتیی دکتۆر ئەحمەد حەسەن، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەگەنە فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێ دەکرێت”.
وتیشی: “سەردانەکە بە مەبەستی برەودان بە پەیوەندییەکانی میرنشینی قەتەر لەگەڵ هەرێم و چەند دیدارێکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم، هاوکات بە مەبەستی کردنەوەی کونسوڵگەریی گشتیی دەوڵەتی قەتەرە بە شێوەیەکی فەرمی”.
ڕاوێژکارەکە ڕاشیگەیاند: “بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە، کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر بکرێتەوە، ئەمەش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر لە سەرجەم بوارەکاندا گرنگیی خۆی دەبێت”.
تاکوو ئێستا لە هەرێمی کوردستان ٤١ کونسوڵگەری، نووسینگەی کونسوڵگەری، نووسینگەی باڵیۆزخانە، ئاژانس و کونسوڵگەریی فەخری هەن و چالاکییە دیپلۆماسییەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن.