وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕوونکردنەوەیدا.
دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنسوڵخانەی گشتیی تاران لە هەولێر رایگەیاند، “چاوەڕوان دەکرێت لەم رۆژانەدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبێتەوە و پێداچوونەوە بە بەرنامەی هەڵبژاردندا بکات.”
دڵشاد شەهاب وتیشی، “تائێستا کۆمیسیۆن پابەندە بەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە و دەستی بە کارەکانی کردۆتەوە، ئەگەر هاتوو نەتوانرێت لەو وادەیەی ئێستا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، دەبێت ئاگادارمان بکاتەوە، و هەرکات کۆمیسیۆن ئاگاداری کردینەوە، ئەوا وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکرێت”.
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر بەبڕیارێکی دادگای باڵا کورسی پێکهاتەکان لابرا و هەڵبژاردن کرا بە چوار بازنە، بەشێک لە لایەنەکان بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد، دواتر پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان گەڕێندرایەوە و دابەشکرا بەسەر هەر چوار بازنەکەدا، هاوکات کۆمسیۆن داوای کرد وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دابنرێت کە لە چوار مانگ تێپەڕ نەکات.