بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٢٢ – ٥ – ٢٠٢٤، هەر سێ وڵاتی ئێرلەندا، ئیسپانیا و نەرویج، بە فەرمی دانپێدانانی خۆیان بەدەوڵەتی فەلەستین ڕاگەیاند، لە هەنگاوێکدا کە لە ٢٨ی ئایارەوە رێکارەکانی دانپیدانانەکان دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ مەدرید و دبلن، جۆناس گار ستۆرا، سەرۆکوەزیرانی نەرویج، دانپێدانانی وڵاتەکەی بۆ سەربەخۆیی دەوڵەتی فەلەستین، ڕاگەیاند.
ستۆرا ئاماژەی بەوەکرد، ئەم دانپێدانانە بە واتای پشتگیریکردنی هێزە میانڕەوەکانە، کە خەریکە ڕۆڵی خۆیان لە ململانێی بەردەوامدا لەدەستدەدەن.
ناوبراو زیادیکرد: پەیامێکی بەهێز دەنێرین بۆ وڵاتانی دیکە، کە شوێن ئێمە بکەون و دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن.
سەرۆک وەزیرانی نەرویج ئاماژەی بەوەشدا؛ئەم هەنگاوە ڕەنگە ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەت.
ستورا دەڵێت: شەڕی غەززە گرنگی گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری پشتڕاست دەکاتەوە کە لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی پرسی فەڵەستین دامەزراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆسلۆ پێی وایە چارەسەری دوو دەوڵەتی لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدایە.
لە هەمان کاتدا، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، دانپێدانانی مەدریدی بە دەوڵەتی فەلەستین ڕاگەیاند و وتی؛ “وڵاتەکەمان لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین دەکات لە سێشەممەی داهاتوو، ٢٨ی ئایار”.
سانچێز، ئاماژەی بەوەکرد، “ئێمە گەلێکی ئاشتیخوازین، دانپێدانانمان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین، هاوڕاییە لەگەڵ ئەو هەزاران خۆپیشاندەرەی کە دژایەتی کۆمەڵکوژییەکانی غەززە دەکەن”.
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا پێی وایە “کاتی ئەوە هاتووە دەوڵەتێک بەناوی فەڵەستین هەبێت.
ئیرلەنداش بە هەمان شێوە لە زاری سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی، سیمۆن هاریس، بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی فەلەستینیدا نا.
هاریس وتی: ڕۆژێکی مێژوویی و گرنگە بۆ ئێرلەندا و فەڵەستین، دڵنیاین کە وڵاتی زیاتر لەم هەنگاوەدا لەگەڵمان دەبن.
دانپێدانانەکان، کە وەک بوومەلەرزەیەک ڕووی لە ئیسڕائیل کرد، توڕەیییەکی بەربڵاوی لە تەلئەبیب لێکەوتووەتەوە و دەستبەجێ بڕیاریاردرا، باڵیۆزی ئیسپانیا و نەرویج و ئێرلەندا، لە تەلئەبیب بانگێشتبکرێن بۆ ڕوونکردنەوە سەبارەت بە بڕیاری دروستکردنی دەوڵەت بۆ فەڵەستین.
دوابەدوای ڕاگەیاندنی هەرسێ وڵاتی ئیسپانیا و نەرویج و ئێرلەندا، یسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایگەیناد؛ دانپێدانانەکان “پەیامێکە بۆ جیهان کە تیرۆر بەرهەمی هەیە”.
کاتز ئاماژەی بەوەدا، “بڕیارەکەی ئەو سێ وڵاتە پشتیوانی لە جیهادییەکانی حەماس و سەر بە ئێران دەکات و مافی بەرگری لەخۆکردنی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە”.
هاوکات، سەرۆکایەتی فەڵەستین لەرێی وەزارەتی دەروەیان، پێشوازی لە بڕیاری ئیسپانیا و نەرویج و ئێرلەندا کرد و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “بەم هەنگاوە گرنگە، ئەم وڵاتانە جارێکی دیکە پابەندبوونی پتەوی خۆیان بە چارەسەری دوو دەوڵەتی و بەدیهێنانی دادپەروەری چاوەڕوانکراو بۆ گەلی فەلەستین نیشاندا”.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەداوە؛ ئەم دانپێدانانە “لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەموو بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگونجێت، کە لە بەرامبەردا بەشدارییەکی ئەرێنی دەبێت لە هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە داگیرکاری نایاسایی ئیسرائیل و گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا”.