کۆمپانیایەک ئامادەیی دەربڕیوە کارگەیەکی درووستکردنی ئۆتۆمبێل لە ھەرێمی کوردستان بکاتەوە، و حکومەتی هەرێمیش چاوەڕێی پێشکەشکردنی داواکارییە.
وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە، کارگەیەکی ئەڵمانی ئامادەیی دەربڕیوە بۆ کردنەوەی کارگەیەکی درووستکردنی ئۆتۆمبێل لە ھەرێمی کوردستان ، ئێمەش ئامادەیی ھەموو ھاوکارییەکمان بۆیان دەربڕیووە و چاوەڕێ دەکەین داواکاری خۆیان پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی بتوانین ھاوکاریان بکەین و دەست بەدامەزرانمدنی کارگەکە بکەن.
وتیشی، بەپێی دانیشتنی یەکەممان، ئەوان ئۆتۆمبێلی گەورە و بچووک درووست دەکەن و خواستی ئەوەیان ھەیە لە ھەرێمی کوردستان لقێکی کارگەکەیان بکەنەوە، ئێمەش وەک وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێمان خۆشە و پاڵپشتی تەواو لەو ھەنگاوە دەکەین.
کەمال موسلم وتیشی: داوامان لە کۆمپانیاکە کردووە، داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی ھاوکاری و کار ئاسانییان بۆ بکەین، هاوکات ئەوان لە وڵاتی خۆیان کەلوپەلەکان دێنن و لە ھەرێمی کوردستان لێکی دەبەستن و ئۆتۆمبێلی لێ درووست دەکەن، بۆیە داوا دەکەن وەبەرھێنەری ناوخۆییش لەو کارە بەشدارییان لەگەڵ بکەن.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەکێک لە پلانەکانی گرنگیدانە بە بەرھەمی ناوخۆ و پیشەسازی.