بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سللێمانی ڕایدەگەیەنێت، كە ڕۆژانە نزیكەی 18 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاووڵاتیان و دەشڵێت: لەم وەرزەدا خواست لەسەر كارەبا كەمە.
سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لە لێدوانێكدا ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا بە تێكڕا لە شەو و ڕۆژێكدا 17 بۆ 18 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان دەدرێت و دۆخی كارەبا لەم وەرزەدا باشە و خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبای نیشتمانی كەمە.
ڕاشیگەیاندووە، “چاوەڕوان دەكرێت تا سەرەتای مانگی حوزەیران بتوانرێت بەم میكانیزمەی ئێستا كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان بدرێت”.
وتوشیەتی، “بە زیادبوونی خواست كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان كەمدەبێتەوە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە كۆتایی ساڵی ڕابردووەوە تاوەكو سەرەتای ئەم مانگە چەند جارێك بەهۆی هێرش كردنە سەر وێستگەی غازی كۆرمۆر كارەبای نیشتمانی كەم دەبووەوە، بەجۆرێك لە هێرشەكەی دوایین جاردا كارەبای نیشتمانی بووە 4 كاتژمێر لە شەو و ڕۆژێكدا.
حكومەتی هەرێم لەڕێگەی بەگەڕخستنی سیستمی پێوەری زیرەك و پریپەید بڕیاریدابوو پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان زیاد بكات، بەڵام لە وەرزی گەرما و سەرمادا كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بەشێوەیەكی بەرچاو كەم دەبنەوە و كارەبای مۆلیدە زیاد دەبێت و ئەوەش دەبێتە بارگرانی بۆ سەر گیرفانی هاووڵاتیان.