قائیمقامی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و گەورەبوونی شارەكان ئەوەمان لێدەخوازن، كە گرنگی زیاتر بە دارستان و سەوزایی بدرێت و بەڕێوبەری دارستان و پاوانی سلێمانی دەڵێت: نەمامگەی سەرچنار ساڵانە ملیۆن و نیوێك نەمام بەرەم دەهێنێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی قائیمقامەیتی سلێمانی، ئەمڕۆ دوو شەممە ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی بەڕێوبەرایەتی دارستان و پاوان و نەمامگەی سەرچناری بەسەركردەوە و لەگەڵ تارق حەمەغەریب، بەڕێوبەری دارستان و لێپرسراوی بەش و هۆبەكانی دارستان و پاوان كۆبووەوە و ڕایگەیاند، دارستان و سەوزاییەكان پەیوەندی بە هەموو هاوڵاتیانەوە هەیە و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و گەورەبونی شارەكان ئەوەمان لێدەخوازن، كە گرنگی زیاتر بە دارستان و سەوزایی بدرێت، ئەوەی هەمانە بیپارێزین و دارستانی تریش دروستبكەین.
پاشان گفتوگۆ لەسەر پلانی داهاتووكرا، كە سەرەڕای تەواوكردنی پرۆژە بەردەوامەكان، (٥٠٠) دۆنم زەوی تر سەوزبكەن.
دواتر قائیمقامی سلێمانی بەیاوەری بەڕێوبەری دارستان و لێپرسراوە ئامێرەكان لەشارەوانی سلێمانی سەردانی نەمامگەی سەرچناری كرد، كە ساڵانی نزیكەی ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار لەباشترین و گونجاوترین نەمام بەرهەم دەهێنێت و بە نرخێكی كەم دەیدات بە هاووڵاتیان و فەرمانگەكان.
قائیمقامی سلێمانی بە كارمەند و كرێكارەكانی ڕاگەیاند، بەرهەمەكانتان ماندوبونی زۆری پێوەدیارە، ئەوەی كردوتانە لەسەر هیلاكی و ماندووبون و حەزی خۆتان كراوە، توانا مادییەكە كەم بووە، بەڵام داهێنانتان كردووە و ئەزموونی زانستی خۆتان بەكاردەهێنن.
وتیشی، “ئەم نەمامگەیە بووە بە سەرچاوەیەكی باش بۆ حكومەت و هاووڵاتیانیش بۆ زیادكردنی سەوزایی، ئەوەی بە ئێمە بكرێت پشتیوانتان دەبین”.