بۆ ڕەواندنەوەی ئەو مەترسییە ئەمنییەكانی پاشماوەی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لەسەر ناوچەكە و خەڵكی مەدەن، هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئۆپەراسیۆنێكی كێوماڵكردنی لە بناری چیای قەرەچوغ كە گومانی هەبوونی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستانی لێدەكرا، ئەنجامدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵاوكرایەوە”رۆژی 28ی كانوونی یەكەمی 2022، لیوای 14ـی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بەهاوكاری و پاڵپشتی بەشی سەگەوانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ناسراو بە (K9) لە بناری چیای قەرەچوغ ئۆپەراسیۆنێكی كێوماڵكردنیان بەسەركەوتوویی بەكۆتاهێنا”.
هەر لە ڕیگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە”لەو ئۆپەراسیۆنەدا، لیوای 14ـی پیادە، كێوماڵی گوندەكانی (گاور، كەنداڵ، گردەشین، مەلك ئاغا و كەپەنەڕەش)ـیان لەبناری چیای قەرەچوغ كرد، ئامانجی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە لەناوبردنی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستان بوو، هاوكات بەرقراركردن و سەقامگیركردنی ئەمنیەت وئاسایشی زیاتری ئەو ناوچانە بوو كە گومانی هەبوونی پاشماوەی چەكدارانی داعشی لێدەكرا”.