وەزارەتی کشتووکاڵی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی تەماتە و شووتی لە وڵاتانی دەرەوە قەدەغەکردووە، باجی خستووەتەسەر، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە لە هەفتەی داهاتووەوە هەیە.
لە ١٥ی ئەم مانگەوە باج چووەتە سەر هاوردەکردنی شووتی و تەماتە لە وڵاتانی دەرەوە دەستیپێکردووە، لەبەرئەوەی بەرهەمی ناوخۆی جوتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکاندا ساغببێتەوە.
ئێستا وەرزی پێگەیشتنی شووتی و تەماتەیە، سەروەر عەلی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی عەلوەی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەهۆی دانانی باجێکی زۆر لەسەر بەرهەمی شووتی و تەماتە ئێستا ناتوانن لە وڵاتانی دەرەوە ئەو دوو بەرهەمە بهێنن.
ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، شووتی زۆرە و بەرهەمی ناحیەی جەبارەی سنووری کفرییە، بەشێکی بەرهەمی ناوچەی عوزێمیەیە، بۆیە لە بازاڕەکاندا بەردەوام نرخەکەی بەرەو دابەزینە، ئێستا نرخی کیلۆیەک شووتی لە ٥٥٠ بۆ ٥٠٠ دینارە، بەڵام ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە هەیە، چونکە بەهۆی باران و کەشوهەواوە هێشتا تەماتە پێنەگەیشتووە، بۆیە پێناچێت تەماتە بتوانێت خواستی ناوخۆ پڕبکاتەوە، بەوهۆیەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە لە هەفتەی داهاتووەوە هەیە.
“ئەو تەماتەیەی ئێستا لە بازاڕەکاندایە لە ناوچەی کەربەلا بەرهەمهێنراوە، ماوەیەکی دیکە بەرهەمەکانی ناوچەی سامەڕا و خان بن سەعد پێدەگات، بەڵام ئەگەر کەشوهەوا سارد نەبوایە، ئەگەری هەبوو هی ناوچەکانی گەرمیانیش پێبگات”.
ئێستا بەشێک لەو تەماتەیەی پێش ١٥ی ئایار هاوردەکرابوو لە ساردکەرەوەکاندا ماوە، دەتوانێت چەند ڕۆژێکی دیکە نرخی تەماتە بەم جۆرەی ئێستا لە بازاڕدا بهێڵێتەوە، کە نرخی کیلۆیەک تەماتە لە عەلوەی سلێمانیدا لەنێوان ٥٠٠ بۆ ٧٥٠ دینارە، بەڵام پێدەچێت ئەگەر بەروبوومەکە لە سەرجەم عێراق کەمبێت نرخەکەی لەناو عەلوەدا بگاتە نزیکی هەزار دینار.
سەروەر عەلی، ئاشکرایدەکات، نرخی میوەکان ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەرزبووەتەوە.