ئانۆ جەوهەر:بۆ لە بەغدا سیستمی کۆتا بۆ پێکهاتەکان حەڵاڵ و لە هەرێم حەرام بێت؟



 ڕۆژی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤، دادگای باڵای فێدڕاڵیی عێراق، بڕیاریدا بە ھەڵوەشانەوەی ١١ کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان، کە پشتر بۆ پێکھاتەی تورکمان و کریستیان تەرخانکرابوو، ئەم بڕیارەش ناڕەزایەتی پێکھاتەکانی لێکەوتەوە و بووە ھۆی تۆمارکردنی ژمارەیەک سکاڵا دژی ئەم بڕیارە.

هەر زوو پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ھەڵوێست دژی بڕیارەکە، بڕیاریدا بەشداری هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمان نەکات، هاوکات بەشێک لە کریستیان و تورکمان بە جیا سکاڵایان دژی هەڵوەشانەوەی کورسی کۆتا تۆمار کرد.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئانۆ جەوهەر وەک کەسایەتییەکی کریستیان، کە سکاڵای دژی بڕیارەکە تۆمار کردووە، ڕایدەگەیەنێت بەر لە دەرچوونی بڕیارەکە، کەشێکی ئەرێنی هەبووە لەبارەی کورسی پێکهاتەکان و دواتر بە بڕیاری هەڵوەشانەوەکە تووشی شۆک بوون.

لەبارەی سکاڵاکەوە، ئانۆ جەوهەر وتی: “ئێمە وەک پێکهاتەکان، پێش دەرچوونی بڕیاری هەڵوەشانەوەی کورسی کۆتا، سەردانی سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵیمان کرد، بە ئامادەبوونی تورکمان و نوێنەرانی کریستیانەکان، نزیکەی دوو کاتژمێر دانیشتین و شیکردنەوەمان لەسەر سکاڵاکاندا و جەختمان لەوەکردەوە کە ئەم سکاڵایانە بە سرووشتێکی سیاسیی وەکو ئامرازێکی حزبی بەکاردێت بۆ ئامانجێکی حزبی، چونکە مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان مافێکی سرووشتییە و پێکهاتەی ڕەسەنن، هەزاران ساڵە لەم خاکەدا خاوەن ماڵن وخوێنیان بەخشیووە، دواتر ساڵی ١٩٩١ بە بڕیاری بەرەی کوردستانی کە هێزی ئەمری واقع بوو لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن بڕیاری کۆتاکانیش درا، ئەمەش بووە بەشێکی چەسپێنراو لە مافی پێکهاتەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ٣٣ ساڵ”.

ئانۆ جەوهەر وتیشی: “لەوێ داوامانکرد مافی پێکهاتەکان وەک خۆی بمێنێتەوە، تێگەیشتنێکی زۆر باش هەبوو لەلایەن سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵی، دواتر لە مانگی شوبات کاتێک بڕیاری هەڵوەشانەوەی کورسی کۆتا دەرچوو، ئێمە تووشی شۆک بووین، چونکە تێگەیشتنەکان لەوێ وا بووە، کە لەبەر هەندێک بابەتی سیاسیی دەبێت ١٠٠ کورسیی پەرلەمانیی هەبێت، بێگومان ئەم تێگەیشتنە پێچەوانەی ماددەی ٤٩، ١٤، ١٦، ١٢٥ی دەستووری عێراقە کە مافی پێکهاتەکان دەستەبەر دەکات”.

لەبارەی بەشداری پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێم، ئانۆ جەوهەر وتی: “ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سیستمی کۆتا هەیە و پێکهاتەکان بوونییان هەیە، چەندین ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق هەیە و بەپێی سیستمی کۆتا دەرچوون، بۆچی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق سیستمی کۆتا بۆ پێکهاتەکان حەڵاڵ بێت، بەڵام لە هەرێم حەرام بێت؟”.

بڕیارە ڕۆژی ١٩ی ئایاری ٢٠٢٤، دادگای باڵای فێدڕاڵی بۆ دادبینی و یەکلاییکردنەوەی سکاڵایەکی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان-عێراق کۆببێتەوە.

ئەو ١١ کورسییەی کە دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاری ھەڵوەشانەوەی لێداون، پێشتر بەم شێوەیە دابەشکرابوون، ٥ کورسی بۆ کریستیان، ٥ کورسی بۆ کۆتای تورکمان و ١ کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن.

جێی ئاماژەیە بڕیارەکانی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤ی دادگای باڵای فێدڕاڵی لەسەر بنەمای چەند سکاڵایەکی زیاد جەبار سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان و، ئامانج نەجیب شەمعوون سەرۆکی فڕاکسیۆنی ڕافدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، تۆماریان کردبوو.

 

دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان بەردەوامە
پێت دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان بەردەوامە
بافڵ تاڵەبانی: پێویستمان بە هەڵبژاردنێکی بێگەردە بۆ سەقامگیری هەرێم
دوات بافڵ تاڵەبانی: پێویستمان بە هەڵبژاردنێکی بێگەردە بۆ سەقامگیری هەرێم
پەیوەنیدر