ڕووداوەکانی کۆبانێ چی بوون؟ ئەحمەد تورک بۆ سزادرا؟



ڕووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 لە چەند شارێکی تورکیا بە تایبەت شارە کوردییەکان دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ روویاندا.

لەوکاتەدا هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.

دوای ڕەتکردنەوەی ئەو داواکارییە، لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاند و هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەپێکرا.

بەڵام ئەمە دۆخەکەی هێور نەکردەوە و گرژییەکان زیادبوون، و گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران دروستبوو، لە ئاکامی ئەو گرژییانەدا 46 هاووڵاتی و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران.

دوابەدوای ئەو ڕووداوانە حکومەتی تورکیا لە رۆژی 4ی کانوونی دووەمی ساڵی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە و لایەنگرانی دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگا، خرانە زیندانەکانەوە.

یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی 26ی نیسانی 2021بوو، هاوکات لە 22هەمین دادگای سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-05-2024، دادگای ئەنقەرە لەسەر دۆسیەی کۆبانێ، ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانی مێردینی بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزا دا.

تەقینەوەیەکی گەورە لەسەر ڕووی خۆر ڕوویدا
پێشت تەقینەوەیەکی گەورە لەسەر ڕووی خۆر ڕوویدا
“هەوڵی ئێمە لەپێناو دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی تۆکمەیە”
دواتر “هەوڵی ئێمە لەپێناو دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی تۆکمەیە”
پەیوەندیدار