لەڕێی قەدی درەختەکانەوە ئاشکرابوو… ساڵی ڕابردوو، گەرمترین ساڵ بووە



لەڕێی درەختە بەتەمەن و دێرینەکانەوە ئەو نهێنییە ئاشکرا بوو، کە بۆ ساڵی ڕابردوو گەرمترین ساڵ بووە لە ماوەی دوو هەزار ساڵی ڕابردوودا.

 

ئەو بەڵگانەی لە قەدی درەختە بەتەمەنەکاندا تۆمارکراون ئاشکرایانکردووە، هاوینی ڕابردوو گەرمترین هاوین بووە لە نیوەگۆی باکوور لە ماوەی دوو هەزار ساڵدا.

 

زانایان پێشتر ڕایانگەیاند، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، ساڵی ڕابردوو گەرمترین ساڵ بووە بە جۆرێک لە ساڵی ١٨٥٠ەوە گەرمای لەوجۆرە وێنەی نەبووە.

 

بەپێی ئەو بەدواداچوونەی زانایان لە سەر بەشی ناوەوەی درەختەکان کە زانیاری پلەی گەرمی تۆمار دەکەن، ئەنجامیانداوە پلەکانی گەرمی ساڵی ڕابردوو سووتێنەر و بێ وێنە بوون.

شارەزایان دەڵێن پلەکانی گەرما لە ماوەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموز و ئابی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٤ پلەی سەدی بەرزتر بووە، کە لە ماوەی دوو هەزار ساڵدا بینراوە.

 

زانایانی تایبەتمەند بە بواری کەشوهەوا لە مێژە جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە پلەکانی گەرمای جیهان لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا بە خێرایی بەرز بوونەتەوە و بە گوێرەی پانێڵی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، دوایین جار کە جیهان شاهیدی گەرمای لەو شێوەیە بووە، ڕەنگە زیاتر لە ١٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر بووبێت.

 

زاناکان بە پشتبەستن بە تۆمارەکانی وەک نموونەی سەهۆڵ و نیشتووی قووڵایی دەریاکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە دەتوانرێت ئاماژەیەکی باش لە ڕابردووی جیۆلۆجی هەسارەکە بزانن، بەڵام ناتوانن ساڵانی دوورتر شەن و کەو بکەن کە داخۆ بە دیاریکراوی چی روودەدات، بەڵام لە نوێترین هەنگاویاندا قەدی دارەکانیان بۆ توێژینەوەکانیان بەکارهێناوە و دەڵێن؛ قەدی دارو درەختەکان نەک تەنها تەمەنیان نیشان دەدات، بەڵکو ساڵانە لەگەڵ گەشەکردنیاندا زانیاری وردیش لەسەر رەوشی کەشوهەوا لەخۆیاندا هەڵدەگرن.

 

زاناکان، لە بەرزاییەکانی ئەلب لە ئەوروپاوە تا چیای ئاڵتای ڕووسیا، هەوڵەکانیان لەسەر ئەو دارانە چڕکردەوە کە لە ناوچە بەرزەکاندا دەژین، کە کاریگەری گەشەی هاوینە زۆر بە ڕوونی دیارە لەسەریان.

توێژەران بە کەڵک وەرگرتن لە نۆ درێژترین کرۆنۆلۆژیای ئەڵقەی درەختەکان کە هەستیاری پلەی گەرمییان هەیە، توانیان وێنەیەک لە پلەی گەرمی هاوین دەستبخەن کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا لە بەشی باکووری جیهان، لە دەرەوەی ناوچە گەرمەکان.

 

توێژەران توانیان تۆماری درێژخایەنی ئەڵقەی دارەکان لەگەڵ داتای پلەی گەرمی تازە تۆمارکراو تێکەڵ بکەن.

 

ئەوان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە هاوینی ساڵی ٢٠٢٣، ٢.٠٧ پلەی سەدی گەرمتر بووە لە ماوەی “پێش شۆڕشی پیشەسازی” لە ساڵی ١٨٥٠ تا ١٩٠٠.

 

بەراوردکردنی ئەنجامەکان لەگەڵ گەرمترین هاوین لە ڕووی پلەی گەرمی تۆمارکراوەوە، لە ساڵی ٥٣٦ی زایینی، هاوینی ڕابردوو ٣.٩٣ پلەی سەدی گەرمتر بووە.

 

هاوکات گەرمترین هاوینی پێش شۆرشی پیشەسازی لەسەر بنەمای بنیاتنانەوەی ئەڵقەی دارەکان ساڵی ٢٤٦ی زایینی بووە، بەڵام توێژەران دەڵێن تەنانەت ئەوەش لە پلەی گەرمی تۆمارکراوی ئەم دواییە نزیک نابێتەوە.

 

لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٨٥٠ -١٩٠٠دا، تەنها ٥٨ وێستگەی کەشناسی هەبوون کە پلەی گەرمییان تۆمارکردووە لە سەرانسەری جیهاندا، لەنێویاندا ٤٥ وێستگە لە ئەوروپا بوون.

 

هەرچەندە توێژەران دەڵێن چالاکییەکانی مرۆڤ بەرپرسیارن لە زۆربەی هۆکارەکانی بەرزترین پلەکانی گەرما لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٣، بەڵام پلەکانی گەرما زیاتر بەهۆی دیاردەی ئێل نینۆوە بەرزبوونەتەوە.

تانکەرێک گڕی گرت و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا
پێت تانکەرێک گڕی گرت و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا
چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان لە یەمەن لەناوبران
دوات چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان لە یەمەن لەناوبران
پەیوەندیدار