وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕێژەی یەدەگی ئاوی عێراقی بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ماوەکانی پێشوو ڕووی لە عێراق کرد ئاشکرا کرد و دەڵێت” ئاوی خواردنەوە لە عێراق بە رێژەی ١٠٠٪ پاک و تەندروستە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە زاری، خالید شەماڵ وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانەوە رایگەیاند، بڕی بارانبارین لە وەرزی بارانباریندا تاڕادەیەک نزیک بووەتەوە لەو بڕەی کە پێویست بوو.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانباریندا ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان و موسڵ و حەزیم و حەمرین بەرز بوونەتەوە، لەگەڵ چەند بەنداوێکی دیکەی بچووک لە هەرێمی کوردستان، کە کاریگەری گەورەی لەسەر یەدەگی ئاوی عێراق هەبووە.
وتیشی، یەدەگی ئاوی عێراق لە ئەم وەرزی بارانبارینەدا بۆ سێ ئەوەندەی ساڵی رابردوو زیادی کردووە و ئەوەش دەبێتە هۆی وەرزی کشتوکاڵی هاوینە لە عێراق سەرکەوتووبێت.
سەبارەت بە پاکی و دروستی ئاو لە عێراق بۆ خواردنەوە، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئاشکرایکرد، ئاوی خواردنەوە لە عێراق بە رێژەی ١٠٠٪ پاک و تەندروستە و هەروەها بۆ بەکارهێنانی پێداویستییەکانی ناوماڵ و تەندروستی و ژینگە و پیشەسازیش بە رێژەی ١٠٠٪ تەندروست و پارێزراوە.