هەریەكە لە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەی ڕووداوەکەی ئەمڕۆى ڕێگەی کەلار- کفری، کە بەهۆیەوە چوار خوێندکار گیانیانلەدەستدا و شەش خوێندکاری دیکە و شۆفێری پاسەکە برینداربوون پەیامی هاوخەمییان بڵاوكردەوە.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، “بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک قوتابی ئامادەیی و برینداربوونی ژمارەیەکی ترم لە ڕووداوێکی هاتووچۆ لەسەر ڕێگەی کەلار ـ کفری بیست”.
ڕاشیگەیاندووە، “پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە خەمناکە دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لەخودای گەورە داواکارم شیفای خێرا بە بریندارەکان ببەخشێت و گیانی قوربانیانیش بە بەهەشتی بەرین شاد بکات”.
لای خۆشیەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەكەیدا ڕایگەیاندووە، گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەك خوێندكار و مامۆستا لەو ڕووداوەدا لە دڵەوە نیگەرانیكردین.
دەشڵێت: دڵمان لەگەڵ گەرمیانییە سەربەرزەكان و خانەوادەی قوربانییان و بریندارانە، كوردستان ژمارەیەك خوێندكاری بەهرەمەند و چرای ئێستا و دواڕۆژی لەدەستدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەکات، هاوبەشی ئەم خەمە گەورەیەین و لەخوای گەورە داواكارین سەبووری بەهەموولایەك ببەخشێت و شیفای برینداران بدات.