كۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە ڕایگەیاند “ئێمە باش دەزانین، كۆمەڵكوژییەكەی ٢٣ی كانوونی یەكەمی پاریس بەردەوامیی كۆمەڵكوژییەكەی ٩ی كانوونی دووەمی ٢٠١٣یە، ئەوانەی لە ٩ی كانوونی دووەمی ٢٠١٣ هاوڕێ سارا، ڕۆژبین و ڕۆناهییان لە پاریس كوشت، دوای ١٠ ساڵ و لە ٢٣ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢دا لە پاریس هەڤاڵ ئەڤین گۆیی و دوو وڵاتپارێزیی كوردیان تیرۆر كرد”.
پەكەكە دەڵێـت “ئەوەی بڕیار و فەرمانی ئەو كۆمەڵكوژییەی دەركردووە ئیدارەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە. ئەو هێزەی پلانی بۆ كۆمەڵكوژییەكە داڕشت و جێەجێی كرد، میت (دەزگای سیخوڕیی توركیا)یە بە سەركردایەتیی هاكان فیدان. لێرەدا گرنگ نییە تەقەكەرەكە كێیە و چۆن ئامادەكراوە. هەر خۆی دۆخی تەقەكەرەكە وەهایە و نیشانی دەدات، كە زۆر بە باشی ئامادەكراوە”.
ڕاشیدەگەیەنێت “دەبێت ئیدارەی ئێستای فەڕەنسا ئەو ڕاستییە بزانێت و تاوانبارانی ڕاستەقینە ئاشكرا بكات و دادپەروەرانە دادگاییان بكات و داوای لێپرسینەوەیان لێبكات. دەبێت بتوانێت ئاسایشی نوێنەرانی گەلی كورد لە فەڕەنسا مسۆگەر بكات، كە ئەو نوێنەرانە قارەمانانە لە دژی داعش شەڕیان كردووە و گەلی فەڕەنسایان لەو بەڵایە پاراستووە. ئەگەر كۆمەڵكوژیی ٩ی كانوونی دووەمی ٢٠١٣ بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دادگایی بكرایە و ڕوون بكرایایەتەوە، ئەوا كۆمەڵكوژییەكەی ٢٣ی كانوونی یەكەم ئەنجام نەدەدرا. لەم كاتەدا و ئەگەر كۆمەڵكوژییەكەی ٢٣ی كانوونی یەكەم بەشێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت و دادگایی نەكرێت، ئەوا ڕێگا بۆ هێرشی نوێ بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵكوژیی تر دەكاتەوە. ئەمەش دەوڵەت و حكومەتی فەڕەنسا دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتییەكی قورسەوە”.
كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە، ئاماژە بە ئەوەش دەكات “گەلەكەمان و دۆستەكانمان لە دژی كۆمەڵكوژییەكەی پاریس ڕوویان لە پاریس كرد، لە دژی كۆمەڵكوژییەكە یەكیانگرت و بە دڵ خاوەنداری و داكۆكییان لە شەهیدەكانیان كرد و پێویستیی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و مرۆڤایەتیی وڵاتپارێزانبان بەدی هێنا. بە نزیكبوونەوەی هەستیارانە و وریایانە و ئاگاداربوون لە خۆیان هەموو جۆرە هەوڵێكی وروژێنەرانە و تێكدەرانەیان تێكشكاند. ئێمە سڵاو لەم تێگەیشتنە و هەڵوێستی ڕێكخراوەیی و نزیكبوونەوەی گەلەكەمان و هەڤاڵانمان دەكەین. هەتاكو ئەو كۆمەڵكوژییە ڕوون نەكرێتەوە، ئێمە لەو بڕوایەداین، كە ئەو چالاكیانەیان بۆ دیموكراسی و ئازادی بەردەوام دەبێت”.