وەزارەتی كارەبای عێراق نرخی كارەبا هەرزان دەكات و ڕایدەگەیەنێت، حكومەت كارەبا بە نرخی پاڵپشتیكراو بۆ چوار توێژ دەستەبەردەكات، لە نێویشیاندا هاووڵاتییان.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ڕایگەیاند، چوار توێژی جیاجیای هاوبەشانی كارەبا هەن، كە بریتین لە هاوبەشانی هاووڵاتیان، پڕۆژەی كشتوكاڵی، پیشەسازی و بازرگانی سەرجەمیان كارەبایان بە نرخی پاڵپشتیكراو پێدەدرێت.
وتیشی، “ئاستی پاڵپشتیكردن بۆ هاوبەشانی هاووڵاتییان دەگاتە نزیكەی 90%ی نرخی كارەبا”.
ڕوونیشی كردۆتەوە، هەرچی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان و هەروەها بازرگانییەكانە وەك خاوەن هۆتێل و دوكان و بەرژەوەندییە بازرگانییەكانی دیكە، كارەبایان بە پاڵپشتیی لەنێوان 60 تا 70% بۆ دابین دەكرێت.
دووپاتیشیكردەوە، كارەبا بە هاووڵاتییان و خاوەن پرۆژە بازرگانییەكان بە نرخی تێچوو نادرێت، بەڵكو بە نرخی پاڵپشتیكراو دەدرێت بە مەبەستی هاندانی بەرهەمی نیشتمانی و هاندانی وەبەرهێنان.