دوابەدوای تۆماركردنی سكاڵایەك لە بەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەلایەن پارێزەرێكی كوردەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەموارەی یاسای باری كەسێتی عێراقی، كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە كراوە و تیایدا چەند مەرجێكی بۆ فرەژنی “هێنانی ژنی دووەم” داناوە، ئەو پارێزەرە ڕاوێژكارە لەسەر داواكاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەستبەرداری داواكەی لە دادگای فیدڕاڵی دەبێت و پووچەڵی دەكاتەوە.
بەرهەم ڕەئوف، پارێزەری ڕاوێژكار و سكاڵاكار لە بەردەم دادگای فیدڕاڵی لە ڕوونكردنەوەیەكدا، كە بۆ (خەڵك)ی ناردووە ئاماژەی بەوەكردووە، لە بەرواری (17/3/2024) دوای ئەوەی داوایەكی یاساییم تۆماركرد لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، تایبەت بە نادەستووری ماددەی (1) لە یاسای ژمارە (15)ی سالی (2008) پەرلەمانی كوردستان، پاش ئەوەی بەرێزان لە دادگای بالای فیدڕاڵی عێراق داواكەیان قبوڵ كرد، لە بەرواری (12/5/2024) یەكەم دانیشتنی دادگا بەرێوەچوو، تیایدا بەندە تیانووسی خۆمم پێشكەشی سەرۆك و ئەندامانی دادگای ناوبراو كرد، ئەوەبوو دواتر دادگا بریاری دا بە دواخستنی دادبینی لە داواكەدا بۆ بەرواری (30/6/2024) بە مەبەستی ووردبینی و بریاردان لە داواكەدا.
ڕاشیگەیاند، دوای ئەوە لە بەرواری (13/5/2024) قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای كرد، كە واز لە داواكە بهێنم، ئەمەش بەهۆی زۆری نارەزایی رێكخراوەكان و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی كوردستان.
ئەو پارێزەرە ڕاوێژكارە دەشڵێت: “هەرچەندە من پێم وایە كە ئەم یاسایە لە كاتی ئێستادا لە هەرێمی كوردستان كاری پێ دەكرێت، گرفتی دروستكردووە، بەڵام بەندە لەبەر داواكاری جەنابی كاك (قوباد تاڵەبانی) لە بەرواری ئەمڕۆ (13/5/2024) هەستام بە پێشكەشكردن و بەرزكردنەوەی داواكاری پووچەلكردنەوەی داواكە بۆ بەردەستی سەرۆك و ئەندامانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق”.
پێشتر، بەرهەم ڕەئوف، پارێزەری ڕاوێژكار تایبەت بۆ (خەڵک) ڕایگەیاندبوو، من وەک پارێزەرێک سکاڵام لە دژی یاسای فرەژنی لە هەرێمی کوردستان کردووە، تایبەت بە مەرجەکانی هێنانی ژنی دووەم، چونکە ئەم یاسایە نەیتوانیوە ئامانجەکانی بپێکێت، لەبری ئەوەی کێشەکان چارەسەربکات زیانی لە کۆمەڵگەداوە.
ئاماژەی بەوەشدابوو، یاسای فرەژنی لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی هەموارکردووەتەوە و کۆمەڵێک مەرج بۆ هاوسەرگیری دووەم زیاد کراوە، لە سکاڵاکەدا تانەمان یاوە لە ماددەی یەکەمی ئەو یاسایە و دەڵێین کە پێچەوانەی دەستوورە.
مەرجەکانی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، بەگوێرەی مادەی ٧ یاسای باری کەسێتی، کە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کاری پێدەکرێت تەنیا دوو مەرج هەیە بۆ هێنانی ژنی دووەم، کە بریتین لەوەی گەیشتبێتە تەمەنی ١٨ ساڵی و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات.
لە یاسای فرەژنی هەرێمی کوردستان هاتووە، کە کارکردن بە بڕگەکانی (٤، ٥، ٦، ٧)ی یاسای ساڵی ١٩٥٩ ڕادەگیرێت و ئەمانە شوێنی دەگرنەوە:
بەبێ ڕێپێدانی دادوەر ڕێگە بە زیاتر لە هاوسەرێک نادرێت و بۆ ڕێپێدانیش پێویستە ئەم مەرجانە بێنەدی:
یەکەم: ڕەزامەندی هاوسەری یەکەم لەسەر هاوسەرگیرییەکە لەبەردەم دادگادا.
دووەم: ژنەکە نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەبێت کە ڕێگر بێت لە جووتبوون و ئومێدی چاکبوونەوەی نەبێت، یاخود نەزۆکیی هاوسەری یەکەم کە بە ڕاپۆرتی لیژنەیەکی پزیشکیی تایبەتمەند بسەلمێنرێت.
سێیەم: ئەو کەسەی داوای هاوسەرگیری دووەم دەکات توانای دارایی بۆ دابینکردنی خەرجیی زیاتر لە هاوسەرێکی هەبێت، دەبێت بە بەڵگەی فەرمیی بیسەلمێنێت و لە کاتی گرێبەستی هاوسەرگیریدا پێشکەشی دادگای بکات.
چوارەم: هاوسەر (پیاوەکە) پێش گرێبەستی هاوسەرگیرییەکە بەڵێننامەی دەستنووس پێشکەشی دادگا بکات کە لە بەرپرسیارێتی هاوسەرگیری و پابەندییە ماددی و مەعنەوییەکانی هاوسەرگیریدا دادگەر بێت لە نێوان هاوسەرەکانیدا.
پێنجەم: هاوسەری (یەکەم) لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا مەرجی ئەوەی لەگەڵ (مێردەکەی) نەکردبێت کە ژنی بەسەردا نەهێنێت.