هەڵگرتنی چەقۆ یان بەکارهێنانی وەك یەك مەترسیدارە لە کاتی تاواندا



پروشە قەلەندەر کەسنەزانی – ماستەر لە لێکۆڵینەوەی تاوان / بەریتانیا

ئەو تاوانانەی کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەقۆ ڕوودەدەن زۆرترین و بەربڵاوترین تاوانەکانن لە دنیادا بەتایبەت لە تاوانی کوشتن، بریندار کردن، ئازاردانی جەستەیی، دەستدرێژی سێکسی و لاقەکردن، دزیکردن، چەتەیی، تۆقاندن، هەڕەشەکردن و هتد…

ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خودی چەقۆ زۆر بە ئاسانی و بەزوویی دەتوانرێت بەردەست هەموو تاکێکی کۆمەڵگا بکەوێت، کاتێ کەسێک بێ هۆکارێکی ڕاستەقینە و ڕەوا چەقۆ هەڵدەگرێت لێرەدا پرسیار دروستدەبێت کە ئایە چەقۆی بۆچیە؟ یان کڕین و فرۆشتنی چەقۆی جۆری جیاواز، جیا لەوەی کە پێویستە و بەکاردەهێنرێت بۆ کاری ڕۆژانەی خەڵکی ئاسایی وە فرۆشتنی بە هەرزەکاران یاخود خوار ١٨ ساڵ، دەبنە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان وە ئاسانکارییەک بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو، بەتایبەت لەوانەیە کەسەکە نیەتێکی تاوانی خراپی نەبێت، بەڵام لەپڕ تووشی هەڵچونێکی دەروونی یان توڕەبوون دەبێت و کەسەکە شەڕدەکات لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا و عەقڵی خۆی لەدەستدەدات و لە ئەنجامدا چەقۆ بەکاردەهێنێت کە لێکەوتە و زیانێکی زۆر بە قوربانییەکە دەگەیەنێت کە پەشیمان بونەوە لێی سودی نابێت.

هۆکاری هەڵگرتنی چەقۆ چیە؟

ئەم پرسیارە وەڵامەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، بۆ نموونە :

کاتێ کەسێك دوژمندارە و لەوە دەترسێ لە شوێنێکدا زەفەری پێ ببرێت بۆیە پەنا دەباتەبەر هەڵگرتنی چەقۆ، بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی بەرامبەر هێرشی دوژمنەکەی بەکاریدەهێنێت.

وەك چەکێک بەکاردێت کاتێ هەڵگرەکەی وا هەستدەکات و وە بڕوای وایە کە خەڵکی لێی بترسن و بەهۆی ئەمەوە حسابی بۆ بکەن .

وەک لاساییکردنەوەی کەسانی تر کە پێشتر پێیان بووە وە بەکاریانهێناوە لە کاتی شەڕدا و ئەمیش خۆی وەک ئەوان دەبینێتەوە.

هەڵگرتنی چەقۆ وەك خولیایەك چونکە زۆر شکڵ و شێوازی جیاواز و جۆری جیاواز چەقۆ دروستدەکرێت بەجۆرێک کە سەرنجی کڕیار ڕابکێشێت بەلایدا.

چی بکرێت بۆ ڕێگریکردن یان کەمکردنەوەو نەهێشتنی ئەو تاوانانەی کە چەقۆ بەکاردێت بۆ ئەنجامدانی ؟

بەتەواوی قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەقۆ و لەکاتی دۆزینەوەی بەهەر کەسێک بێت و لەژێر هەر بیانوویەکدابێت بە تاوان دابنرێت، بە پێی یاسا نەفرۆشتنی بە کەسانێك خوار ١٨ ساڵ هەتا ئەگەر بۆ کاروباری ڕۆژانەش بێت، وە هەروەها قەدەغەکردنی هەڵگرتنی لە ناو ئۆتۆمبێل، جانتا و گیرفان …هتد .

باشترین نموونەش بۆ سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە وڵاتی بەریتانیایە کە تاوانی هەڵگرتنی چەقۆی زۆر بەقورسی وەرگرتووە، بەجۆرێک هەندێک جار هەڵگرتنی وەک بەکارهێنان ئەژماردەکرێت و یاسا سزای زۆر توندی بۆ داناوە، کە ئەمەش بووە بەهۆی کەمکردنەوەی دیاردەی هەڵگرتنی چەقۆ.

هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە مەترسییەکانی و ئەمەش لەڕێگای پرۆگرامی قوتابخانە، ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە هەڵگرتنی چەقۆ چ مەترسیەکی زۆری هەیە بۆ سەر تاك و کۆمەڵگا.

دروستکردنی متمانە لەلای تاك بەجۆرێک کە لە بوونی هەر مەترسییەکدا پەنا نەبات بۆ بەکارهێنانی چەقۆ، بەڵکو دەبێت لایەنی بەرپرسیار ئاگاداربکاتەوە و یان بە کەسوکاری بڵێت یان پۆڵیس و دەزگاکانی ئاسایش بۆ پاراستنی گیانی کەسەکە .

سۆشیال میدیا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەم بوارەدا بەهۆی سەیرکردنی گەنج و هەرزەکاران بۆ گرتە ڤیدیوی جوراوجۆر کە نمایشی توندوتیژی دەکات، وە قەدەغەکردنی ئەو یاریە ئەلکترۆنییانەی کە لە کوشتن و توندوتیژی پێكدێت و هاندانیان تێدایە.

هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بەوەی کە بەهۆی هەڵچوونێکی کاتیەوە و بەکارهێنانی چەقۆ، لەوانەیە هەمووی تەمەنی خۆی دەخاتە مەترسیەوە و دووچاری سزادان و زیندانیکردن و لێسەندنی ئازادییەکانی ببێتەوە.

پەرلەمانی عێراق سەرۆكی نوێ‌ هەڵدەبژێرێت
پێشت پەرلەمانی عێراق سەرۆكی نوێ‌ هەڵدەبژێرێت
“دووپشك”ەكە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرا
دواتر “دووپشك”ەكە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرا
پەیوەندیدار