پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 100 ڕۆژ بەسەر خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەكانی ئێران كە پاش مەرگی ژینا ئەمینی لە 16 ی مانگی 9 سەریانهەڵدا، ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران دەڵێت بەلایەنی كەم 100 كەس ڕووبەڕووی لەسێدارەدان یان سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە.
ڕێكخراوەكە دەڵێت بەلایەنی كەم 476 خۆپیشاندەر لە ناویاندا 64 منداڵ و 34 ژن لەلایەن هێزە ئاسایشییەكانی ئێرانەوە لە سەرانسەری وڵاتەكەدا كوژراون.
ئەندامێكی ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت هەتا ئێستا 126 كورد لە ماوەی زیاتر لەم 100 ڕۆژەدا كوژراون.
ژیلا موستەئجر بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند ئەم ژمارانەی لەلایەن ڕێكخراوی هەنگاوەوە پشتڕاست كراونەتەوە بریتین لە تەواوی ئەو كوردانەی لە سەرانسەری ئێراندا گیانیان لەدەستداوە.
دەشڵێت ” بۆ نمونە چەندین كورد هەبوون كە لە شارەكانی تاران، كەرەج، قەزوێن لە ڕەوتی خۆپیشاندانەكاندا گیانیان لەدەستداوە لەگەڵ تەواوی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە گشتی 126 ناو بۆ ئێمە پشتڕاست بوونەتەوە كە 10 كەس لەمانە پاش دەستبەسەركردنیان لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.”
موستەئجر دەڵێت لەگەڵ ئەو فشارانەی كە لەسەر بنەماڵەكان هەیە ” هێشتا خەڵكی هیوایەكی زۆریان بەم شۆڕشە ماوە.”