کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر پرسی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دواخرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند، بڕیار وابوو ئەمڕۆ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم و تیمی یاوەری لەگەڵ وەزیر و تیمی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆببێتەوە، لەسەر بابەتی یەکلاکردنەوەی چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.
ڕوونیشیکردەوە کە کۆبوونەوەکە لەسەر داواکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ دووشەممەی داهاتوو دواخراوە، هەر چەندە پێداگیری و ئامادەکاری تەواو کراوە لەلایەن شاندەکەی هەرێمەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردساتن جەخت دەکاتەوە کە دەبێت هاوشێوەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەموو بەرهەمی گەنمئ ئەمساڵ لە جوتیارانی هەرێمی کوردستانیش وەربگیرێت.
پێشتریش وەزارەتی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاندبوو ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کراوە.