لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 222 کۆچبەر لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتی عێراق و هەرێمی كوردستان کراونەتەوە و سەرۆكی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت: ڕێككەوتنی نهێنی لەنێوان ئەڵمانیا و عێراق هەیە و لە وڵاتانی دیكەی ئەوروپاشەوە دیپۆرت كردنەوە بەردەوامە.
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ماوەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو لە وڵاتانی ئەوروپا ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران دەستیپێکردووە و بەردەوامە، دەشڵێت: “ڕێکەوتنێکی نهێنی لەنێوان بەرلین و بەغداد کراوە لەسەر دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی چیتر هەلی مانەوەیان لە ئەڵمانیادا نییە”.
ئاشكراشی كرد، ڕێککەوتنەکە خۆی تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە تاوانێک یان کارێکیان کردووە دوور لە رەوشتی کۆمەڵگایی ئەڵمانیا، بەڵام حکومەتی بەرلین ئەو هەلەی قۆستووەتەوە و سەرجەم ئەو کۆچبەرانەی کە داوانامەکانیان رەتکراوەتەوە، دیپۆرتدەکاتەوە بۆ خاکی خۆیان.
وتیشی، “سەرەڕای ئەوەی نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی ئەڵمانیا بە فەرمی ڕێکكەوتنەکەیان ئاشکرانەکردووە، بەڵام بەگوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا بێت وەزارەتی ناوخۆیی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، کە ڕێژەیەکی زۆری هاووڵاتیی عێراقی دیپۆرتی عێراق کراونەتەوە”.
ئامارەکان ئەوە نیشان دەدەن، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئەڵمانیا 222 هاوڵاتیی عێراقی دیپۆرتکردووەتەوە، 169 کەسیان بۆ عێراق و کوردستان نێردراونەتەوە و 53 کەسیش نێردراونەتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی دیکە، کە پێشتر کۆچبەران لێیەوە چوونەتە ئەڵمانیا.
ئاری جەلال ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی زانیاریەکانیان زیاتر لە 23 هەزار و 757 هاووڵاتیی عێراقی بڕیاریان لەسەرە، کە دەبێت ئەڵمانیا بەجێبهێڵن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زیاتر لە 20 هەزار و 611 کەسیان (دودڵدونگ)یان هەیە، کە ئەمەش جۆرێکە لە چاوپۆشیکردن لە دەرکردنی کۆچبەران.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستی دەزگای لوتکەدایە، زیاتر لە 77 هاووڵاتیی عێراقی دیپۆرتکراونەتەوە و 288 کەسیش بە ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە عێراق و کوردستان .