سەرۆك كۆماری عێراق لە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە.
سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، د.لەتیف جەمال رەشید ئەمڕۆ یەک شەممە 12-5-2024 لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی گشتی و سیاسی عێراق و هەرێمایەتی و ناوچەیی ئاڵوگۆڕ کرا و ڕۆشنایی خرایەسەر ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و سەقامگیریی وڵات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر لەو دیدارەدا جەخت لە دیالۆگ و هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.