“تا بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێنەکرێت، مووچە نایەت”



تا ئێستا مووچەی مانگی نیسان بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، پەرلەمانتارێکیش هۆکاری نەناردنی مووچە لە عێراقەوە بۆ جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەلایەن حکومەتی هەرێم گەڕاندەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی هاتنی مووچەی نیسان دەکەن، بەڵام ئێستا ١٢ ڕۆژ لە مانگی ئایار تێپەڕیوە هێشتا مووچە لە حکومەتی ناوەندەوە نەنێردراوە، مووچەخۆرانیش لە چاوەڕوانیدا ماون.

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بابەتی هاتنی مووچە بڕیاری دادگای فیدڕاڵییە، کە حکومەتی عێراق پابەندکردووە بە تەوتین و جێگیرکردنی مووچەی لە بانکە حکومییە فیدڕاڵییەکان، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەندکردووە بە تەوتین، کە دەبێت تا کاتی تەوتینکردنی سەرجەم مووچەی مووچەخۆران، مووچە مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام سەرجەم ئەم پابەندیانەی بەستووەتەوە بە ناردنی سەرجەم داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق.

سۆران عومەر ڕایدەگەیەنێت، ئێستا عێراق داوای داهاتی نانەوتی دەکات، تا ئێستاش نازانرێت حکومەتی هەرێم دەستی بە تەوتینی مووچە کردووە یاخود نا، شەڕی لەنێوان هەژماری من و تەوتیندا دەستپێکردووە، لەبەرامبەردا حکومەتی ناوەندی تەوتین لە بانکی ئەهلی بە تەوتین نازانێت، هاوکات حکومەتی هەرێم ڕەزامەندی بۆ ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی نیشانداوە، بەڵام تا ئێستا بەشێوەی کرداری هیچ داهاتێکی نانەوتی بۆ بەغدا نەنێردراوە.

سۆران عومەر “سەرۆک وەزیران دەڵێت من فشارم لەسەرە بەبێ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، بەبێ تەوتین و ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی واتە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی جێبەجێنەکراوە، واتە ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێنەکرێت مووچە نایەت”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، مووچەخۆر سەری لێشێواوە، حکومەتی عێراق پێی وایە بانکی تی بی ئای تەوتین دەکات، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم پێی وایە بانکی تی بی ئای هاتووەتە ناو پڕۆژەی هەژماری من، بەڵام ئەمانە هەموویان گرفت دروستکردنە بۆ جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، کە باجەکەی تەنها مووچەخۆران دەیدەن.

“چاوەڕوان دەکەین کە هەردوو خاڵەکە جێبەجێبکرێت، کە مووچەبێت تا کاتی تەوتین، بەڵام بەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی”.

سەرۆك کۆمار لەگەڵ بارزانی کۆبووەوە
پێت سەرۆك کۆمار لەگەڵ بارزانی کۆبووەوە
بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە
دوات بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە
پەیوەنیدر