ئەوەی کە پێدەکەنێت هێشتا هەواڵە ترسناکەکەی نەبیستووە!
هێمن عەبدولقادر- نووسەر
تۆماس مان کە نووسەرێکی گەورەیە و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵە لە ئەدەبدا، لە یەکێک لە نامەکانیدا بۆ شانۆکاری بەناوبانگ (برێشت) دەنووسێت :-
ئامۆژگاری من زۆر سادەیە بۆتۆ، تکایە هەر کاغەزێک شتی تیا دەنووسیت بیپارێزە، چونکە ئەو کاغەزانە موڵکی ئەو کەسانەن کە دوای ئێمە دێن.
کاتێک نازییەکان دێنە سەر حوکم و (ڕایشتاغ) دەسوتێنن، یەکەم کەس کە جانتاکەی کۆ دەکاتەوە و ڕادەکات، (برێخت)ە، لە ساڵی ١٩٣٣ سەرجەم کتێبەکانی (برۆڵت برێخت) دەسوتێنن، بڕێکی زۆری دەستنووس و فیکر، ئەوەی کە لەو نووسەرە بۆمان ماوەتەوە، هۆکارەکەی ئامۆژگارییەکەی تۆماس مانە، کە پێی دەڵێت بۆ ئەوەی بمێنیتەوە پێویستە ئەوەی هەتە بیپارێزیت.
میللەتەگەورە و زیندووەکانی دونیا ئەوانەن کە پارێزگاری لە سەرمایە مرۆیی و مەعنەوییەکانی خۆشیان دەکەن، کاتێک شاخ و داخ و کانی و ئاو و نەوت و ڕووباری ئەم وڵاتە تەخت و تاراجی تێکدەدرێت لە پێناو برێک پارەدا و چەند بازرگان و کۆمپانیایەکی چاوچنۆک ئیتر ڕوونە، کە هیچ شتێک وەک نەتەوە و میللەت تۆ ناپارێزێت.
کاتێک دواین درەخت دەبڕین، کاتێک دواین ماسی دەگرین، ئەو کات تێدەگەین کە ناتوانین پارە بخۆین، کاتێک درەختەکان دەبڕین بۆ ئەوەی پێشنگایەکی ئۆتۆمبێل بەردەم شووشەکانی دیاربێت، ئەو کات تێدەگەین کە تەگەر و فیت پەمپ و هابرێد شوێنی هەوای پاک و سێبەر و جریوەی باڵندەکان ناگرێتەوە.
ئەو کات دەبێت ئەوەی کە دەستت کەوتووە بیبەیت لە نەخۆشخانەی (هیوا) یان لە نەخۆشخانەی (نانەکەلی) بیدەیت بە دەرزی کیمیایی و دەرمان، کاتێک دواین گرد و تەپۆڵکە و شاخ تەخت دەکەین و دەیکەین بە شوقە و ڤێلا و بەچەند دەفتەرێک دەیفرۆشین، ئەوکات دەبێت بۆ بینینی سەوزاییەک چەندین سەعات بە ئۆتۆمبێل گەشت بکەین و قەرەباڵغی ڕێگاکان لە لوتمان بیهێننە دەرەوە.
کاتێک دواین دڵۆپ نەوت دەردەکەین، دواین چەم و ڕووبار بە تۆڕ و قولاب و تیئێنتی وێران دەکەین، چەندین تانجی و تولە و تفەنگ پێش خۆمان دەدەین، سوێسکە و کەو و ژیژک و سوچڕ لە ماڵەکەی خۆی دەهێننە دەرەوە و بۆ شەوێک بە شەرابێکی سور و پێکێک شەمپانیاوە دەیخۆین، دەبێت گشت شەوێکیش تا بەیانی بەدیار دەیان جۆری نەخۆشی دەروونی (خەموەکی، دڵتەنگی، سترێس، شیزۆفرینیا و قەلەقی) ڕۆژ بکەینەوە.
کاتێک دواین فیکر، دواین ڕا، دواین کانی و ئاژەڵ لەگەڵ زەویدا تەخت دەکەن، ئەو کات دەبێت، وەک باخچەی ئاژەڵان خۆمان لە تەلبەندێک بە ناوی باخەوە یەخسیر بکەین، یان قات لەسەر قات بەسەر یەکتریەوە بنیشین بەناوی شوقە، یان بەدیار تەلەفزیۆنێکی شاشە پەنجاو هەشتەوە، لە ڤێلاکانماندا سەیری نێتفلێکس بکەین و بەدەم قاوە و گەنمەشامی و شیرینییەوە بۆری خوێنەکانمان بگیرێت.
ئەوەی کە پێدەکەنێت هێشتا هەواڵە ترسناکەکەی نەبیستووە
ئەوەی کە پێی وایە وڵاتی ئاوەدان کردووەتەوە و بووەتە هێمای ئاوەدانی و سەرمایەداری نیشتمانی، هێشتا ئەوەی نەبیستووە، کە لەسەر لوتکەی شاخەکانی کوردستان جاران هەمووی کانی و ئاو بوو، ئێستا لە دامێنی چیاکانیشدا بەدەگمەن کانی و کارێزێک دەبینین .
ئەوەی کە هێشتا لە هەیەجانی ژمارەی بانک و پارەدایە ئەوەی نەبیستووە کە بیرێکی ئیرتیوازی لە نۆسەد مەتردا ناگاتە ئاو، ئەوەی بە دیار دوش، بانیۆ و ستریۆی ناو گەرماوەکانی پڕۆژەکاندا شاگەشکەبووە، هێشتا نەیبیستووە، کە ماوەیەکی تر پڕکردنی تەنکی غاز و نەوتی ماڵەکەی هەرزانتر دەکەوێت لە پڕکردنی تەنکیەک ئاو، باج و ڕسوماتی ناو پڕۆژەکەی زیاتر دەکەوێت لەوەی کە کرێچی بوایە، ئەوەی لە خەمی باڵندەیەک درەختێک، ئاژەڵێک، ژینگەیەکدا نییە، هەر ئەوەیە کە لە خەمی مرۆڤێکیشدا نییە.
ڕۆژانی هەینی بڕۆ بازاڕی ئاژەڵان و مەیدانی پەلەوەرەکان، پڕە لە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، کە بێ ئەوەی هیچ سودێکیان هەبێت، لە هێلانە و کولانەکەی بەبێچووی هێنراونەتە دەرەوە و تەوقی دیلێتی کراوەتە ملیان و بەبەرچاوی یاسا و قەرەوڵەکانی ئەم وڵاتەوە دەفرۆشرێن، لەمەوە تێدەگەیت، نە دەسەڵاتداران، نە ئۆپۆزسیۆن، نەمیدیا، نەیاساکان نە خەڵکەکەش لە خەمی ژینگە و مرۆڤدان.
ئەوەی کە سمۆرەیەک لە قەفەسدا ڕایناچڵەکێنێت، هەر ئەو کۆمەڵگا و دەسەڵاتەیە کە دەیان منداڵی بێ سەرپەرشت لە خانەی بێسەرپەرشتان ڕایناچڵەکێنێت، ئەوەی کە سوچڕێکی دڕکاوی بۆ دوو کیلۆ گۆشت شیش دەکەن بە لوتیا و تانجی تێبەردەدەن، هەمان ئەو کۆمەڵگا و دەسەڵاتەیە کە دەیان کۆمێنت نووس بۆ پرسێک بەر دەدەنە خەڵک .
ئەوەی گەماڵێکی پیری ددان کەوتوو نایجوڵێنێت کە توانای پەیدا کردنی نانی نەماوە، هەر ئەوانەن کە دەیان کەسی پەککەوتوو و پیر ڕایانناچڵەکێنێت.
ئەوانەی قەفەس و تەلە و تاپڕ دەبەن لە بەهاردا سەمای سوێسکە، یان پۆڕێک دەشێوێنن، هەمان ئەو هاککەرانەن، کە ژیانی چەندین ژن و کچ و کوڕ و پیاو، لەژێر ناوی رەسم، فیلم و نامەی خۆشەویستی ساختەدا دەشێوێنن.
(برێخت) لە (جەنگی بەڵکان)دا دەڵێت:-
پیاوێکی پیر لەلایەن چوار دزی گەنجەوە ، کیفەکەی لێدزرا ، دوای ماوەیەک ڕۆشتن پیاوە پیرەکە بینی چوار دزەکە لەولای شەقامەکە لەسەر کیفەکە شەڕیانە، دادگا هەموویانی گرت، دادوەری وڵات بڕیاریدا، کە پیاوە پیرەکە قەرەبووی دزەکان بکاتەوە، چونکە ئەگەر وانەبێت، ڕەنگە ئەو چوار کەسە بەبەردەوامی ببنە هۆی ئاژاوە و نائارامی لە وڵاتدا بخوڵقێنن.
هەرکاتێکیش باسی ئاسایشی ژینگەیی و ئاژەڵی و کۆمەلایەتی بکرێت، هەمیشە ئێمە دەبێت بە تانە، توانج، سوکایەتی، ناسک و پەمەیی و شاعیر و نووسەر قەرەبووی سەدان دز لەژێر ناوی وەبەرهێن و ئاوەدانکەری نیشتمانی و کۆمێنت نووس و هەزەلی و سایکۆپات بکەینەوە.
کورد ئێژێت (چۆپی بدەیت بەدەست گامیشەوە، هەڵپەڕکێکە ئەبات بۆناو ئاو) نیشتمانێک کە بکەوێتە دەست ڕاوچی و وەبەرهێن و ژینگە تێکدەر، هەموومان بەرەو زیندانێکی گەورە و دڵتەنگیەکی گەورە دەبات، کە براین.