مەلا بەختیار پێیوایە ئەگەر کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکرێن دۆخی خراپتریش بەڕێوەیە و هەرێم زیاتر لە قاڵب بدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سیاسەتمەدار مەلا بەختیار لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی ڕایگەیاند، بە بێ پارتی و یەکێتی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا ناکرێت، دەبێت هەڵبژاردن دەنگ و ڕەنگی هەموو هێزەکان بەرجەستە بکات.
بە پێویستیشیزانی پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و ڕایگەیاند، ئەو کێشانەی کە هەن، وەک نەبوونی دەستوور، یەکنەخستنی پێشمەرگە، یەکپارچەیی هەرێم و گەندەڵی، ئەگەر چارەسەر نەکرێن ئەوا لە ئایندەدا لە قاڵبێکی دیکەی سیاسی دەدرێن.
ئەوەشیخستەڕوو کە ئەگەر هەیە لە ئایندەدا پیلانگێڕی لە دژی ماددەی 140 بکرێت و نەهێڵرێت، هەروەها هێزی پێشمەرگە و مووچەخۆران بەو فراوانییە نەمێنن و گومرگ و سنوور و سەرچاوەکانی داراییش بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کۆنترۆڵ بکرێن.
مەلا بەختیار وتیشی: ئەگەر دەمانەوێت خراپترمان بەسەر نەیەت دەبێت کێشەکان چارەسەر بکەین.