پرۆسەى کڕینەوەی گەنمى جوتیاران لە 12 پارێزگاى عێراق بەردەوامە و تەنیا لە سێ پارێزگا 570 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە، وەزارەتى بازرگانیش دەڵێت، “لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنى بڕى ئەو گەنمەى لە هەرێمى کوردستان وەردەگیرێت، پێکهێنراوە “.
حەیدەر نورى گەرعاوى، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانیى دانەوێڵە، لە وەزارەتى بازرگانى عێراق ڕایگەیاند، وەرزى کڕینەوەی دانەوێڵە لە 12 پارێزگا بەردەوامە و شەش پارێزگاى دیکەش بۆ کڕینەوەی دانەوێڵە ئامادەن.
ئاماژەی بەوەکرد، لە 11ی نیسانەوە تاوەکو کۆتایى ئەو مانگە، 570 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگاکانى موسەنا و بەسرە و زیقار وەرگیراوە، کوالیتى گەنمەکەش گونجاوە بۆ نان و پێویست ناکات گەنمى دیکەى تێکەڵبکرێت، لە نۆ پارێزگاى باشوور بە ڕێژەى 85% وەکو بەشە ئارد دابەشدەکرێت.
لەبارەی وەرگرتنى گەنمى جوتیارانى هەرێمى کوردستانیش ڕایگەیاند، لیژنەیەکى تایبەتمەند بە سەرۆکایەتى وەزیرى کشتوکاڵ و ژمارەیەک وەزارەتى پەیوەندیدار پێکهێنراوە و ئەرکەکەى بریتییە لە خەمڵاندنى بڕى ئەو گەنمەى لە هەرێمى کوردستان وەردەگیرێت، جەختییکردەوە كە بەهۆى سەرماوە دروێنەى دانەوێڵە لە هەرێمى کوردستان 25 ڕۆژ دوادەکەوێت، بارانبارینى ئەم دواییەش کاریگەرى لەسەر گەنمى نەدوراوە نەبووە.