خالید سلێمان
جۆرێکی مرۆڤ کە سەدان هەزار ساڵ لە ئۆراسیا ژیا، چۆن لە ماوەی 30 ساڵ ساڵدا، لەناوچوو؟ ئەوەی ئاشکرایە لەناوچوونەکە پەیوەستە بە کۆچی مرۆڤی نوێوە لە ئەفریقیاوە بەرەو ئەوروپاو بڵاوبوونەوەی بە هەموو دنیادا.
بەدرێژای سەدەی بیستەم، بەتایبەتیش لەدوای (1950)ەوە تا ئەم چرکەساتە، بەجێماوەکانی نیاندەرتاڵ زانایانی شوێنەوارناسی و مرۆناسییان سەرقاڵکردووە و هێشتا وێنەکە نێگاتیڤە و نەشۆراوەتەوە، ئەوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لەدوای خۆیەوە بەجێی هێشتووە، بەردی تیژ و کەرەستەی ڕاوکردن و هەندێ ئاماژەی ڕوحیین وەک ناشتنی مردووەکانیان، تەنانەت هەندێ لە زاناکان پێیان وایە کە ملوانەکەشیان دروستکردووە، بەڵام هێشتا کار لەسەر هۆکارەکانی لەناوچوون و سیستمی گشتی ژیانیان دەکەن.
ئێمە چەردەیەک لە زانیاری دەربارەی نیاندەرتاڵەکان دەزانین، لە ڕووی مۆرفۆلۆژی و کاراکتەرو شێوازی ژیان و تەنانەت لە ڕووی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیشەوە، وردەکاری ناو وێنە گەورەکە دەرنەکەوتووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەجێماوەکانیان لە ئەشکەوتەکاندا لەلایەن شوێنەوارناسان و ئەنترۆپۆلۆگەکانەوە دۆزراونەتەوە، هەروەها جێدەستیان لە ئەشکەوتەکاندا و لەسەر ئێسکی ئەو ئاژەڵانەی سەرچاوەی خۆراکی ئەوان بوون. ئەم بەجێماوانەی نیاندەرتاڵەکان وایان کردووە زاناکان بگەنە هەندێ دەرەنجامی گرنگ لەبارەیانەوە و بۆماوەکانیان لە ئێمەی مرۆڤی هاوچەرخدا.
پرسیاری بەردەوام و دووبارە بوەوە ئەوەیە کە نیاندەرتاڵەکان و دوای ئەوان مرۆڤی هاوچەرخ چۆن لە ئۆراسیاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبوونەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەندە بە بارودۆخ و مەرجە ژینگەییەکانەوە، هەتا پێش چاخی بەستەڵەکی کۆتایی کە دەکاتە 10 هەزار ساڵ پێش ئێستا، کە هێشتا توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان لەپای بەرزبوونەوەی گەرما دەستی پێنەکردبوو، ئاستی ڕووکەشی دەریا 120 مەتر لە ئێستا نزمتر بوو، ئەمەش لە 300 هەزار ساڵی ڕابردوودا فاکتەرێکی بەهێزی ڕەوکردنی مرۆڤی بوو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی لەسەر زەوی، دەیتوانی سەفەر بۆ هەر شوێنێک بکات کە دەیویست.
لەوانەیە دۆخی جێگیری کەشوهەوا یەکێک بێت لەو فاکتەرە بەهێزانەی کە لە دوای بڵاوبوونەوەی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی ژیرەوە بێت.
نیاندرتاڵەکان بۆ لەناوچوون؟
زاناکان هۆکاری یەکەمی لەناوچونی نیاندەرتاڵەکان دەگەڕێننەوە بۆ کاریگەریی کەشەوهەوا لە دوا چاخی بەستەڵەکدا کە گۆڕانەکان تیایدا خێرابوون، لە گەرماوە گۆرڕاوە بۆ سەرمایەکی چڕ، هەروەها بەپێچەوانەوە، ئەمەش پاڵەپەستۆیەکی زۆری لەسەر سەرچاوەکانی خۆراکی ئەوان دروست کردووە، وەک ڕووەک و گیانەوەرەکان، ئیتر مرۆڤی نیاندرتاڵ ناچار بووە بە زوویی خۆی لەگەڵ کەشدا بگونجێنێت و زۆرجار بەرگەی نەگرتووە.
هۆکاری دوەم، بەگوێرەی توێژینەوەکان کەمیی ژمارەیان بووە کە دەیان هەزاریان تێنەپەڕاندووە، ژمارەی ئەندامانی گروپەکانیان لە 15 کەس زیاتر نەبووە، ئەمەش وایکردووە لە ڕووی وەچە خستنەوە و بەردەوامبوونەوە کەمیان کردبێت، لە کاتێکدا ژمارەی مرۆڤی نوێ زۆرتر بووە و ژمارەی هەر گروپێکیان خۆی داوە لە 150 كەس، هەر لەم میانەیەشدا باس لەوە دەکرێت ساپیانەکان، دوای ڕەوکردنیان لە ئەفریقیا و داگیرکردنی ئەوروپا، جۆرەها نەخۆشی کوشندەیان لەگەڵ خۆیان گواستبێتەوە کە نیاندەرتاڵەکان بەرگەیان نەگرتووە.
هۆکاری سێیەم، ململانێیەکی قورس بووە لەگەڵ گیانەوەرە دڕەندەکاندا، لە کاتێکدا مرۆڤی نوێ زۆربوون و ئامڕاز و کەرەستەی پێشکەوتوویان هەبووە و زیاتر زاڵ بوون بەسەر سرووشتدا، ئەو هۆکارەش لەبیر ناکرێت کە لەسەر دەستی ساپیانەکان کۆمەڵکوژ کرابن کە ژمارەیان زیاتر بووە و چەکی پێشکەووتوتریان لەبەر دەستدا بووە.
دەکرێی لەم میانەیەدا بگەڕێینەوە سەر ئەشکەوتی شانەدەر لە کوردستان کە ڕوونترین نمونەی کۆبوونەوەی گروپێکی نیاندەرتاڵەکان پیشان دەدات، تا ئەمڕۆ ئێسک و پروسکی 11 مرۆڤی نیاندرتاڵی تیا دۆزراوەتەوە و مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ 50 تا 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا، لەناو ئەو 11 کەسەدا مناڵی هەشت ساڵان و ژن و خەڵکی بەتەمەن هەبوون، ئێسکی پروسکی ژنێک تیایاندا ئەوە دەردەخات کە لەدەرەوە بریندار بووە و خۆی گەیاندووەتە ئەشکەوتەکە و لەوێش مردووە، بەڵام برینەکەی سارێژ بووە.
تاوانێکی پێش مێژوو
بۆ یەکەمجار، ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیست ئێسک و پروسکی نیاندەرتاڵەکانی شانەدەر دۆزرایەوە، ساڵی 2018 یش لەسەر دەستی تیمێکی شوێنەوارناسیی لە زانکۆکانی لیڤەرپول و کامبریدج شانەدەر-Z دۆزرایەوە، لێرەدا مەبەستم لەسەر چیرۆکی شاندەر-3 وەک نموونەیەک بهێنمەوە، چونکە نمونەیەکی جڤاکیی نیاندەرتاڵەکانە، هەروەها ململانێیان لەگەڵ هەڕەشەی دەرەوە کە لەو کاتەدا تەنها ساپیانەکان هەڕەشە بوونە لەسەریان، ئەو کەسە کە سێیەم دۆزراوەی ناو ئەشکەوتەکە دەبێت و ناوی لێ دەنێن شانەدەر-3، یەکێک بووە لە ژنە نیاندەرتاڵەکانی کوردستان، لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە بریندار دەبێت و بە برینداری دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی و لەدەرەوە نامرێت، دوای ماوەیەک لە ساڕێژبوونی برینەکەی دەمرێت و هەر لەوێدا دەنێژرێت.
مرۆڤناس و شوێنەوار ناسەکان، چیرۆکی کوشتنی شانەدەری-3 بەیەکێک لە تاوانە مرۆییە گەورەکانی پێش مێژوو دەناسێنن، چونکە بە چەکێکی پێشکەوتوو بەنیازی کوشتن لە سنگی دراوە، ئەوەی سەرنج ڕاکێشە لەم چیرۆکەدا ئەوەیە کە نیاندەرتاڵەکان چاویان لە یەکتری بووە و بریندارەکانیان چارەسەرکردووە، وێژەرانی شوێنەوارناس، هۆکاری مانەوەو بەرگەگرتنی ژنەکەی شانەدەر بۆ ماوەیەک دوای برینداربوونی، دەگێڕنەوە بۆ ئەو پەیوندییە بەهێزەی نێوانیان کە چۆن ئاگایان لەیەکتری بووە.
ساڵانی پەنجاکانی سەدەی پێشوو، کاتێک ئێسکی شانەدەر-3 دەدۆزنەوە و لە جۆری لێدانەکەی دەکۆڵنەوە، پێیان وادەبێت بە ڕووداوێکی نەخوازراو بریندار بووبێت یان بەدەستی یەکێک لە هاوەڵەکانی خۆی لە دەرەنجامی ڕق و کینەدا.
ئەو بۆچوونە وەک خۆی نەمایەوە و تیۆری تری زانستی دەرکەوت لەمەڕ کوشتنی ژنەکەی شاندەر، ستیڤن چەرچڵ، پرۆفێسۆری مرۆڤناسیی (ئەنترۆپۆلۆژیا) لە زانکۆی دیوک لە کارۆلینای باکور لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئەگەری ئەوە دادەنێت کە بکوژەکە یەکێک بووبێت لە مرۆڤە ئاشناکەمان کە ئەویش مرۆڤی ساپیان، واتە مرۆڤی مۆدێرن.
بۆ تیشک خستنە سەر نهێنی مردنی شانەدەری-3، تیمەکەی ستیڤن چەرچڵ ئاڵۆزترین تەکنیکەکانی پزیشکی دادوەریی بەکارهێنا، خۆی و تیمەکەی هەستان بە درووستکردنی تیروکەوانێکی تایبەت و لەسەر لاشەی بەراز تاقی کرایەوە، ئەم شیکارییە دەریخست کە برینە کوشندەکەی سەر سینگی ژنەکەی شانەدەر، بەهۆی چەکێکی وەک ڕم یان تیرێکەوە بووە، لەو زەمەنەدا تەنها مرۆڤی ساپیان تەکنیکی پێشکەوتووی هاوێژەریان هەبوو، دەشتاییەکانی ئەفریقیاش هۆکاری گونجاندنی ئەوجۆرە چەکە بوون لەگەڵ ژیانی ساپیانەکان بۆ ڕاوکردن.
لەبەرامبەردا، نیاندەرتاڵەکان لە دارستانەکان و نزیک شوێنی نیشتەجێبونیان دەژیان و چەکەکانیان بریتیبوون لە کەرەستەی تیژ و حەربەی سەرەتایی، ئێستا ئەوە ڕوون بووەتەوە کە ئەو چەکەی دژی شانەدەر-3 بەکارهاتووە، برینێکی بە گۆشەی 45 پلە بەرەو خوارەوە دروستكردووە.
بەگوێرەی ستیڤن چەرچڵ، دەکرێ ڕێڕەوی ئەم برینە بەراورد بکرێت بە ڕێڕەوی برینێک كە ڕم دروستی بکات، بە گریمانەیەک کە قوربانییەکە (باڵای نزیکەی مەترێک و 67 سەنتیمەتر بووە) لە کاتی وەستاندا بووە، تیمەکە بۆ ئەوەی بزانێت چەند ڕۆژ دوای برینداربوونەکەی ماوەتەوە، گەڕایەوە بۆ تۆماری شەڕە ناوخۆییەکان لەو کاتەی کە هێشتا دەرمانی (ئەنتی-بایۆتیک) لە ئارادا نەبووە، ئەوەش لەپێناو ئەوەی بزانن بریندار بەبێ (ئەنتی-بایۆتیک) چەند ڕۆژ دەمێنێتەوە و بەرگە دەگرێت.
بەگشتی توێژینەوە نوێکان پێیان وایە کە پەیوەندی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی ساپیان توندوتیژی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و نەمانی ئەوەی یەکەمیان بۆ ئەو پەیوەندییە دەگەڕێننەوە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، نیاندەرتاڵەکان کە خاوەن بونیادێکی جەستەیی پتەو بەهێز بوون، بۆ ماوەی 400 هەزار ساڵ لە ئەوروپا و ئاسیادا ژیان و بەرگەی چاخە بەستەڵەکەکانیان گرت، چۆن لە بارودۆخێکی تەمومژاویداو دوای هاتنی مرۆڤی ساپیان لە ئەفریقیاوە، فەوتان و ساپیان جێگەی ئەوانی گرتەوە؟
هێشتا چیرۆکی ژنەکەی شانەدەر، وەڵامێکی دیاریکراو بۆ ئەم پرسیارە بەدەستەوە نادات و هەموو جارێکی دەگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە دوا چاخی بەستەڵەک بووەتە هۆی نەمانی خۆراک لەبەردەم نیاندەرتاڵەکاندا، واتە گۆڕانکاری کەشەهوا لەناوی بردوون، بەڵام خۆ هەر لەو کاتەشدا ساپیانەکان هەبوون و چۆن ئەو دۆخەی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر سەرچاوەی خۆراکی ئەوان نەبوو؟ چیرۆکی ئەشکەوتی شانەدەریش بوونی هەردوولا لەیەک کاتدا پیشان دەدات.
بۆچوونی دووەم پێی وایە کە نیاندەرتاڵەکان لەناو کۆمەڵگەی نوێدا کە ساپیانەکان بوون، تواونەتەوە، هەڵبەتە ئەمەشیان هەر پەیوەستە بە هێزو هەژموونی لایەکەوە بەسەر لاکەی ترەوە، هەرچی بۆچوونی سێیەمە، پێی وایە کە مرۆڤی مۆدێرن مرۆڤی سەرەتایی لەناوبردووە.
زانایانی بوارەکانی مرۆڤناسی، شوێنەوارناسی و کەشناسیش باس لەهۆکاری تری فەوتانەکە دەکەن، بەڵام بەبێ ئەوەی یەقینێکی زانستیی هەبێت، بۆیە دەکرێت باس لەوە بکرێت کە دوا چاخی بەستەڵەک بووەتە هۆی ململانێیەکی بەهێز لەسەر دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی خۆراک، هەڵبەتە لە دۆخێکی وادا، باڵادەستیی بۆ مرۆڤی مۆدێرن ماوەتەوە، چونکە لە ڕووی ژمارەوە زۆرتر بووە و چەکی پێشکەوتریشیان لە بەردەستدا بووە.