سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینان كوردستان ئاشكرای دەكات، كار دەكرێت بۆ ئەوەی پێشینەی نیشتەجێبوونی بانكی ڕافیدەین و ڕەشید، كە بڕی ١٥٠ ملیۆن دینارە، هاووڵاتیانی هەرێمیش بگرێتەوە.
بەرهەم سەردار، سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەئێستادا کار بۆ گەڕانەوەی بانکی ڕافیدەین و ڕەشید دەکەین، تا لە ڕێگەیانەوە کرێنشینان و هاووڵاتییانی هەرێم بتوانن سوودمەندبن لەو قەرز و پێشینانەی نیشتەجێبوون.
ڕاشیگەیاند، ئەو پێشینە و قەرزانە لەچوارچێوەی دەستپێشخەرییەکانی بانکی ناوەندی عێراقییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشیەجێبوون، کە بڕی پارەکە (١٥٠) ملیۆن دینارە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە کاری لەسەر دەکەین و د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵمان لەسەر خەتە و هەوڵدەدەین ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینان وتیشی، “لەچەند ڕۆژی داهاتوودا وردەکاری زیاتر لەسەر میکانیزمەکانی چۆنیەتی وەرگرتنی بڕی پارەکە دەخەنەڕوو.”