هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی هێرش و پێشێلكاری توركیا بە چەكی قورس و فرۆكەی جەنگی و درۆن لە ساڵی 2022دا گەیشتۆتە زیاتر لە 17 هەزار پێشێلكاری، بەو هۆیەشەوە 59 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستداوە كە 12 یان منداڵن و 5 یان ژنن.
هەسەدە، ئاماری ساڵانەی ئۆپەراسیۆنه سەربازییەكانی دژ بە داعش و هێرشەكانی توركیای بۆ سەر رۆژئاوای كوردستانی ئاشكراكرد.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە” لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ رۆژی چوارشەممە 28ی 12ی 2022 رایگەیاندووە، لەپاش داگیركردنی هەردوو ناوچەی سەرێ كانی و تربەسپی لە كۆتایی ساڵی 2019 دا، بە هۆی پێشێلكارییەكانی توركیا ساڵی 2022 خوێناویترێن ساڵ بووە لەرووی زیانی گیانی ماددی بۆ سەر دانیشتوانی مەدەنی.
ڕاشیگەیاندووە، ژمارەی هێرش و پێشێلكاری توركیا بە چەكی قورس و فرۆكەی جەنگی و درۆن لە ساڵی 2022دا گەیشتۆتە 17 هەزار و 596 پێشێلكاری، بەو هۆیەشەوە 59 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستداوە كە 12 یان منداڵن و 5 یان ژنن، هەروەها 263 كەسیش برینداربوونە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بۆردوومانەكانی توركیا بونەتە هۆی وێرانكردنی ژێر خانی ئابووری، لە رێگای بە ئامانجكردنی دامەزراوەی سڤیلەكان و نەخۆشخانە و قوتابخانەكان و شوێنی پەرەستن و تاوەرەكانی پەێوەندی و وێستگەكانی كارەبارو نەوت و غاز.
ئاشكراشیكردووە، كە لە چوارچێوەی بەرگریكردن 44 سەربازی توركیا و 22 چەكداری گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە توركیا كوژراون .
هەروەها هەسەدە 113 ئۆپەراسیۆنی ئەنجامداوە لە حەسەكەو دێره زوور و رەققەو مەنبیج و گوندەوارەكانی، لە ئاكامدا 267 ئەندامی داعشی دەستیگركردووە، كە هەندێكیان سەركردەو هاوكاری رێكخراوەكە بوون و لە هێرشكردنە سەر زیندانی سیناعە لە گەرەكی غوێرانی حەسەكە لە سەرەتای ئەم ساڵدا، 387 كەس كوژران كە 375 یان لە هێرشە بەرەكان بوون.