محمد شیاع سودانی بانکی ‘تی بی ئای’ راسپارد لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بگەنە رێککەوتن بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، و چەند هەنگاوێکیش بۆ چارەسەری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
بەپێی هەواڵێکی کوردسات نیوز، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانکی ‘تی بی ئای’ راسپاردووە، لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بگەنە رێککەوتن بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و دەستپێکردنی پرۆسەکە.
هەر بەپێی سەرچاوەکە، تاکو ئێستا ھیچ فەرمانێک نەگەیشتووەتە دەست بەڕێوەبەری گشتی مووچەی عێراق، بۆ ناردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی ھەرێم.
بەپێی هەواڵەکەی کوردسات نیوز بێت، تائێستا عێراق و ھەرێم لەسەر پرسی رادەستکردنی داھاتی نانەوتی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و عێراق داوادەکات، ھەرێم مانگانە ١٠٠٪ داھاتی نانەوتی رادەست بکات دواتر نیوەی ئەو داھاتەی بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڵام ھەرێم ناردنی تەواوی داھاتی نانەوتی رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئامادەیە تەنھا ٪٥٠ی داھاتی نانەوتی رادەست بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پیشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو، چەند پێشھاتێکی نوێ لە ئارادایە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان عێراق و ھەرێم، لەنێویاندا کێشەی مووچە و بودجە، لە دوو رۆژی داھاتووشدا ئەنجامەکانیان دەردەکەون.