وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، “بەردەوامین لە ڕێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، داواش لە هاووڵاتییان دەکەین سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن”.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و داواش لە هاووڵاتییان دەکەن سەردانی بنکەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدان.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەردەوامین لە ڕێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستمان بە چاپکردنی فۆرمی دەنگدان کردووە.
ئاماژەی بەوەکرد لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا سەرەتای ئەم مانگە، 818 هەزار و 997 کارتی بایۆمەتری دەنگدان تەواوبوون، لەو ژمارەیەش 290 هەزار و 653 کارتیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە وەرگیراونەتەوە و ئێستا 528 هەزار و 344 کارت وەرنەگیراونەتەوە.
داوایشیکرد، هاووڵاتییان سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن و کارتی بایۆمەتری دەنگدانەکانیان وەربگرنەوە.