پەرلەمانتارێك مەرجی عێراق بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران ئاشكرادەكات



پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، داواكارییه‌كانی به‌غدا ڕوونه‌ و پێویسته‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بخرێته‌ سه‌ر بانكه‌ حكومه‌ییه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵ و پەرلەمانتارێكی عێراقیش دەڵێت: تا كۆتاییهاتنی پرۆسه‌ی به‌بانكیكردن ناردنی مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی فەرمی عێراق بۆ میدیاكان ڕایگەیاندووە، كە لیستی مووچەی مانگی 4ی فەرمانبەرانی هەرێم پارەكەی زیادی كردووە لە 913 ملیار دینارەوە بۆ 969 ملیار و تا ئێستا نازانرێت بۆچی ئەو بڕە پارەیە زیادیکردووە، هەرچەندە بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بەکارناهێنرێت، بۆیە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تا ئەمڕۆش خۆی بەدوور گرتووە لە خەرجکردنی مووچەی مانگی نیسان بەپێی ئەو لیستە.

سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، “به‌هۆی كێشه‌ له‌لیستی مووچه‌ و داواكارییه‌كانی به‌غدا بۆ ته‌وتینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، مووچه‌ی مانگی 4 دواكه‌وتووه”.

سەبارەت بە مەرجی عێراق بۆ خەج كردنی مووچە، ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، “ناردنی مووچه‌ به‌نده‌ به‌ به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ داواكارییه‌كانی به‌غدا، به‌ڕاده‌ستكردنی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان و ڕێكاره‌كانی ته‌وتین، بۆیە له‌گه‌ڵ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی داواكارییه‌كانی به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌نێردرێت”.

جەختیشی كردەوە، داواكارییه‌كانی به‌غدا ڕوونه‌ و پێویسته‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بخرێته‌ سه‌ر بانكه‌ حكومه‌ییه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵ.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ یەك شەممە، موعین كازمی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی پەرلەمانی عیراق بۆ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ئاماژەی بەوەكردووە، تا كۆتاییهاتنی پرۆسه‌ی به‌بانكیكردن ناردنی مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندبووه‌، كه‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ته‌وتین بكرێت و رێكاره‌ یاساییه‌كان ده‌ستیپێكردوه‌ و مووچه‌خۆران له‌رێگه‌ی بانكی بازرگانی عیراق TBI هه‌ژماریان بۆ بكرێته‌وه‌.

ڕاشیگەیاندووە، پێویسته‌ ئه‌و گرفتانه‌ی بۆ ناردنی مووچه‌ی مانگی نیسانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم دروستبووه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و حكومه‌تی هه‌رێم هاوكاری حكومه‌تی عیراق بێت بۆ ئه‌وه‌ی پرسی ته‌وتین كۆتایی پێبێت و له‌وه‌ زیاتر مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم دوانه‌كه‌ویت.

سبەینێ‌ لە هەولێر خۆپیشاندانی فەرمانبەرانى گرێبەست ئەنجام دەدرێت
پێت سبەینێ‌ لە هەولێر خۆپیشاندانی فەرمانبەرانى گرێبەست ئەنجام دەدرێت
بۆ كارتی نیشتمانی هاووڵاتیانی سلێمانی ئاگادار دەكرێنەوە
دوات بۆ كارتی نیشتمانی هاووڵاتیانی سلێمانی ئاگادار دەكرێنەوە
پەیوەنیدر