ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، کە ستراتیژی حکومەت ئەوەیە کە هانی هاووڵاتییانی بدات لە مامەڵەکانیاندا پشت بە پارەدانی ئەلیکترۆنی ببەستن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاندووە کە لە مامەڵە داراییەکاندا پێویسەت سیستمی پارەدانی کاش بگۆردرێت بە سیستمی مۆدێرنی ئەلیکترۆنی، هەر بۆیە چەند مانگێک لەمەوبەر حکومەت ستراتیژی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەستپێکرد و بۆ یەکەمجار خەڵکی وڵاتەکەمان ئەزمونی پارەدانی ئەلیکترۆنیان کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەنگاونان بۆ قۆناغی دووەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی گەشەسەندنێکی خێرا یە بۆ گەیشتن بە قۆناغێکی پێشکەوتووی دیجیتاڵی لە ژیانی بانکیدا بە دامەزراندنی بانکە دیجیتاڵییەکان.
ئەوەشی خستەڕوو، زیادبوونی بەکارهێنانی مۆبایل و کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکەکان یارمەتیدەری بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکەن، تا ناوەڕاستی ئەمساڵ کۆکردنەوەی باج و قەرز و مامەڵەکانی حکومەت تەواو دەگۆڕێت بۆ پارەدان لە ڕێگەی کارتی بانکی و شێوازەکانی تری پارەدانی ئەلیکترۆنی.
وتیشی، لە ساڵی 2025 بەدواوە، پارەدان لەناو کۆمەڵگەی ئابووریدا بەرەو ژیانێکی ئەلیکترۆنی تەواو جیاواز دەچێت، بەجۆرێک کە کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی ببێتە یەکێک لە هۆکارە مۆدێرنەکان و دراوی کۆمەڵگا، بەکارهێنانی پارەی نەختینە وردە وەردە کەم دەبێتەوە تا ئاستی دەگمەن کە مامەڵەی ئەلیکترۆنی تەواو شوێنی دەگرێتەوە.